بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: بە 'پرۆژەی رووناکی' دەمانەوێت بە کارەبای 24 کاژێری بگەین

28-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بۆئەوەی عێراق بتوانێت کارەبای 24 کاژێری بەدەستبهێنێت، پێویستی بە 20 ملیار پێ سێجا گازە. دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان "پڕۆژەی رووناکیمان هەیە بۆئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە کارەبای 24 کاژێری بگەین."
 
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا گوتی، "ئێستا هەموو عێراق 3 ملیار پێ سێجا گازی هەیە." جەختیشی کردەوە، پێویستە ئەو بڕە بگاتە 20 ملیار پێ سێجا تاوەکو کارەبای عێراق رۆژانە 24 کاژێر بێت. 
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە پلانێکی گونجاو و درێژخایەن، وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ بکات، کە مەبەست لێی ئەو گازەیە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت بەرهەم دێت.
 
پێش ئەوە، عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەمان پانێڵدا رایگەیاند، عێراق دەیەوێت تاوەکو 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵ بە تەواوی نەهێڵێت و بیگەیێنێتە سفر، واتە لەبری سووتاندنی، دەیەوێت گازەکە گلبداتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەناردەکردن سوودی لێ ببینێت.
 
بە گوتەی عیزەت سابیر، حکومەتی عێراق 10 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆئەوەی لەم دەیەدا، واتە لە 2020 تاوەکو 2030، سووتاندنی گازەکە بۆ سفر کەم بکاتەوە، کە وەکو ئەو دەڵێت، لەو ماوەیەدا عێراق 30 ملیار دۆلار لە بەرهەمی گازەکە قازانج دەکات.
 
بەڵام ئەحمەد موفتی دەڵێت، "شتێکی دڵخۆشکەرە ئەگەر لە ماوەی 5 ساڵدا سووتاندنی گازی هاوەڵ کەم بکەینەوە بۆ سفر؛ بەڵام بە بڕوای من ئەوە ئەستەمە. رێی تێدەچێت بە 10 ساڵ بکرێت. لانیکەم پێویستی بە 50 ملیار دۆلاریش هەیە تاوەکو سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق بگەیێنینە سفر."
 
بە گوتەی عیزەت سابیر، عێراق یازدەیەمینی سەر ئاستی جیهانە لەڕووی یەدەگی گازەوە و ئێستا قەبارەکەی 127 تریلیۆن پێ سێجایە، بەرهەمی ساڵانەی 1140 ملیار پێ سێجایە و بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق زیاتر لە 100 ساڵ بەردەوام دەبێت.
 
عیزەت سابیر ئاماژەی بەوەش کرد، گازی عێراق 75% گازی هاوەڵە و 25%ی گازی سەربەخۆیە.
 
بە گوتەی ئەحمەد موفتی، "90%ی کۆی بەرهەمی گازی ناهاوەڵی عێراق،" واتە ئەو گازەی جیا لە نەوت بە شێوەی سەربەخۆ لە ناخی زەویدایە، لە هەرێمی کوردستانە.
 
بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، "ئێستا تەنیا لە کوردستان گازی ناهاوەڵ هەیە. پێویستە سەرنج لەسەر بەرهەمهێنانی گازی ناهاوەڵ بێت و گازی هاوەڵیش کۆنترۆڵ بکرێت."
 
ئەحمەد موفتی دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکیمان هەیە بۆئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە کارەبای 24 کاژێری بگەین." هەروەها باس لەوە دەکات، "بڕبڕەی پشتیی کارەبا لە کوردستان پیشەسازیی گازە." دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان  "پلانێکی زۆر سەرکەوتوو"ی هەیە.
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە 600 کەس تێیدا کار دەکەن، رۆژانە 530 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و لە ماوەی ساڵێکدا دەیگەیێننە 750 ملیۆن پێ سێجا.
 
هاوکات عەبدوڵڵا قازی، سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق کە لە کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکات، گوتی، لەگەڵ ئەو بڕە گازە، رۆژانە 16 هەزار بەرمیل مادەی چڕەوەبوو و 1100 تۆن گازی  شلیش بەرهەم دەهێنن.
 
سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان ئەوەیە بەرهەم بگەیێندرێتە ئاستێک کە کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
 
عەبدوڵڵا قازی باسی لەوەش کرد، "لەم کاتەدا لە قۆناخی فراوانکردنداین، هیوامان وایە ئەم قۆناخە پێش کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکەین و سەرووی 270 ملیۆن پێ سێجا بۆ تۆڕەکە زیاد بکەین، کە دەبێتە هاندەرێکی زۆر گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجی کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان."
 
سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق گوتیشی، دوای بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، گازەکە دەدەن بە پارێزگەکانی دیکەی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.