رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیێنێت، وەڵامی حیزبەکەی بۆ دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی "ئەرێنی" بووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، دۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە و پێویستە پارتی و یەکێتی هەست بە "بەرپرسیارێتیی مێژوویی" خۆیان بکەن.
بێرکۆتی گوتی: "دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش وا دەخوازێت، کە هەردوولامان شان بدەینە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لەسەر شانمانە."
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، رێباز بێرکۆتی دەڵێت: "مامۆستا سەڵاحەدین دەستپێشخەرییەکی باشی کردووە و دەستخۆشیی لێدەکەم. ئەو ئەرکێکی مێژوویی و نیشتمانیی خۆی جێبەجێ کردووە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاشکرای کرد، کە سەڵاحەدین بەهائەدین داوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کردووە و وەڵامی یەکێتیش بۆ ئەو داوایە ئەرێنی بووە. گوتیشی، "ئەوەی من بیزانم، وەڵامەکە ئەرێنی بووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا، پێش جەژن یان دوای جەژن، ئەو دانیشتنە دەکرێت و کارەکان دەڕۆنە پێشەوە."
سەبارەت بە داواکارییەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێباز بێرکۆتی رایگەیاند: "ئێمە داوای هاوبەشی راستەقینەمان کردووە لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا."
رێباز بێرکۆتی گوتیشی کێشەکان لەسەر پۆستەکان نییە، بەڵکو لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەیە و روونیکردەوە، "تۆ کە لیستی دووەم بیت، داوای مافی خۆت دەکەیت، ئەمە نە شەرمە و نە شتێکی نامەنتیقییە. ئێمە رێککەوتووین، بەڵام نەهاتووین بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەت پێکبهێنین، چونکە مەنتق و راستی وا دەخوازێت هەردوولامان پێکەوە بین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتی پەرلەمان کارا بکاتەوە، هەڵوێستیان چی دەبێت، رێباز بێرکۆتی گوتی، "بڕوا ناکەم پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کارە بکات. هیچ حیکمەتێک نییە لەوەی یەکدی پەراوێز بخەین."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی هۆشداریی دا لە بیرۆکەی دوو ئیدارەیی و گوتی، "ئێمە پێمان خۆش نییە هەرێمێکمان هەبێت و بچین دابەشی بکەین. بەڕاستی ئەو کاتە هەردوولامان چۆن وەڵامی خەڵک دەدەینەوە؟، یەکێتی بە فەرمی رایگەیاندووە دژی دوو ئیدارەییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ