رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، بەرزترین رێژەی لەدایکبوونی منداڵ لە پارێزگاکانی رووها، شرنەخ و مێردینی باکووری کوردستانە. هەروەها کەمترین رێژەش لە پارێزگاکانی بارتن، ئیزمیر، ئەسکی شەهیر و ئەنقەرەی تورکیایە.
دامەزراوەکە رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ئامارەکانی لەدایکبوونی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە.
داتاکان دەریانخستووە، رێژەی لەدایکبوون لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە و چیدی دانیشتووان ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و ژمارەیان کەم دەکات. رێژەی لەدایکبوون کە لە ساڵی 2001ـدا 2.38 بوو، لە ساڵی 2025ـدا بۆ 1.42 دابەزیوە.
کاتێک رێژەی لەدایکبوون لە 2.1 دادەبەزێت، دانیشتووانی وڵاتێک کەم دەکات. هەرچەندە بە گشتی پارێزگاکانی باکووری کوردستان دۆخیان باشترە و بە گشتی دانیشتووانیان کەم ناکات، بەڵام لەسەر ئاستی تورکیا ئەم رێژەیە بۆ 1.42 دابەزیوە و دانیشتووان رۆژ بە رۆژ کەم دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025ـدا لە تورکیا و باکووری کوردستان 895 هەزار و 374 منداڵ لەدایک بوون. لەو ژمارەیە 51.4%ـیان کوڕ و 48.6%ـیان کچ بوون.
بەرزترین رێژەی لەدایکبوون لە پارێزگاکانی رووها، شرنەخ و مێردین ـی باکووری کوردستانە. لە رووها رێژەکە 3.15، لە شرنەخ 2.53 و لە مێردین 2.23ـە.
کەمترین رێژەی لەدایکبوون لە پارێزگاکانی بارتن، ئیزمیر، ئەسکی شەهیر، ئەنقەرە و زۆنگوڵداک ـی تورکیایە. لە بارتن رێژەکە 1.09، لە ئیزمیر 1.1، لە ئەسکی شەهیر، ئەنقەرە و زۆنگوڵداکیش 1.11ـە.
لە 76 پارێزگادا رێژەی لە دایکبوون دابەزیووە بۆ ژێر 2.1، کە ئاستی کەمبوونەوەی دانیشتووانە. لە 5 پارێزگاش لە سەرووی ئاستی 2.1ـەوەیە، کە هەموویان پارێزگای باکووری کوردستانن.
هەروەها گەنجترین دایکان لە پارێزگاکانی رووها، ئاگری و مووشی باکووری کوردستانن. لە رووها، دایکان لە تەمەنی 24.4 ساڵیدا یەکەم منداڵیان دەبێت، لە ئاگری لە تەمەنی 24.7 ساڵیدا و لە مووش لە تەمەنی 24.9 ساڵیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ