وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ 2 ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت و بەغدا نادادپەروەرە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا ئامادەیە 400 هەزار تۆن وەربگرێت، گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت: "بەغدا بە لۆجیک و دادپەروەری مامەڵە ناکات."
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو، زانیاریی نوێی لەسەر وەرزی دروێنە، کێشەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن بەغداوە و پلانی حکومەت بۆ پاراستنی مافی جوتیاران خستەڕوو.
 
بەگوتەی هیوا عەلی، ئەمساڵ دۆخی کشتوکاڵ بەراورد بە پار گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە. پار بەهۆی وشکەساڵییەوە نیوەی زەوییە چێنراوەکان لەدەستدران، بەڵام بۆ ئەمساڵ گوتەبێژی وەزارەت دەڵێت: "نزیکەی 50 هەزار جووتیار، سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوییان بە گەنم چاندووە. رێژەی بارانبارین لە هەندێک ناوچە حەوت هێندە زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە بەرهەمی گەنم لە هەموو بارودۆخێکدا لە دوو ملیۆن تۆن زیاتر بێت."
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکانی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵ رەخنەی تووند لە بڕیارەکانی بەغدا دەگرێت. هیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتا بەغدا بڕیاری دابوو تەنیا 292 هەزار تۆن وەربگرێت، دواتر بڕەکەیان بۆ 400 هەزار تۆن زیادکرد، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەمەی رەتکردووەتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ئێمە بە فەرمی داوای وەرگرتنی ملیۆنێک تۆن گەنمان کردووە کە دەکاتە 50%ی بەرهەمی ئەمساڵ، چونکە ئەوەی بەغدا دەیکات نادادپەروەرییە بەرامبەر جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هەموو گەنمی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور وەردەگرن."
 
بۆ ئەوەی جووتیاران دووچاری زیانی گەورە نەبن، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی جێگرەوەی ئامادە کردووە. هیوا عەلی دەڵێت، لە رێگەی هەردوو کۆمپانیای (قەیوان و خۆشناو) کە سایلۆی مۆدێرنیان هەیە، توانای وەرگرتنی 500 هەزار تۆن گەنم هەیە. ئاشکراشی کرد کە "دوای بڕیاری بەغدا، لیژنەیەک نرخێک بۆ ئەو گەنمە دیاری دەکات کە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بیکڕێتەوە و جووتیار ناچار نەبێت بە هەرزان لە بازاڕدا بیفرۆشێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ لیست و "سیدی" ناوی سەرجەم جووتیارانی راستەقینەی رەوانەی بەغدا کردووە و تەنیا ئەو کەسانە گەنمیان لێ وەردەگیرێت کە ناویان تۆمار کراوە. چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی حوزەیران (مانگی 6) هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دروێنە، سایلۆکان بەڕووی جوتیاراندا بکرێنەوە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دەداتە جووتیاران کە دوای دروێنە، بە هیچ شێوەیەک پەرێزەکانیان نەسووتێنن. هیوا عەلی گوتی: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و رێگری لە ئاگرکەوتنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8٪ـەوە بۆ نزیکەی 10% بەرزبووەتەوە. هەروەها باسی لە پڕۆژەیەکی نوێ لەگەڵ رێکخراوی FAO کرد بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور و شیرەمەنی کە 2000 خێزان لێی سوودمەند دەبن، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە هەرێمی کوردستان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کەشتییەکە پێش نقوومبوونی

21 ئەفسەری یۆنانی بە هۆکاری خنکانی 700 کۆچبەر تۆمەتبار دەکرێن

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی نوقمبوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا، لێکۆڵینەوەکان رێڕەوێکی نوێ وەردەگرن. دادگای ،تەمیزی یۆنان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی هێزی دەریاوانیی وڵاتەکەی دەرکرد، بە تۆمەتی تێوەگلان لە نوقمکردنی بەئەنقەستی ئەو کەشتییەی سەدان کۆچبەری هەڵگرتبوو.