وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: چارەسەری شەڕی سووریا بە مسۆگەرکردنی ماف و بەشداریی کوردە

28-01-2026
کەهی مەحموود
A+ A-

ڕووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، دەبێت کاتی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ دانوستاندن بەکاربهێندرێت و تووندوتیژیی زیاتر روونەدات. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستاندن بۆ "پێدانی مافی کورد و بەشداریپێکردنیان" تاکە چارەسەری شەڕی سووریایە.
 
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەربارەی پێکدادانەکانی رۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: هەرچەندە "بارودۆخ لە ناوچە کوردییەکان و ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی کوردە ئاڵۆزە"، بەڵام پێویستە مەدەنییەکان "بپارێزرێن".
 
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە دواین راپۆرتێکیدا کە رۆژی دووشممە بڵاویکردەوە، وردەکاریی مەترسیدار لەبارەی شەڕی رۆژئاوای کوردستان ئاشکراکرد و رایگەیاند،  کاتێک هێزەکانی حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی بەنداوی تشرینیان کردووە، بە ئەنقەست ئاو و کارەبایان لەسەر ناوچەکانی کۆبانێ و بەشێک لە حەلەب بڕیوە.
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی کۆتاییهێنانیی شەڕی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت: "تەنیا رێگە بۆ چارەسەری ئەم شەڕە دانوستاندنە لەسەر ماف و بەشداریی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریای یەکگرتوو و گشتگیردا ."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لە  ئاگربەستی 18ی کانوونی دووەم کرد گوتی: "ئەڵمانیا پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات، کە مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا" لەسەری رێکەوتبوون.
 
هاوکات میدیای سووریا دوێنێ ئەوەی بڵاوکردەوە، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. 
 
بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ. 
 
لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کوشتنی خەڵکی سڤیل لە گوندەکانی کۆبانی لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا و پابەندنەبوونیان بە ئاگربەست، حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، "پێویستە مەدەنییەکان بپارێزرێن."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "بارودۆخ لە ناوچە کوردییەکان و ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی کورد دایە ئاڵۆزە. داوا لە هەردوولا دەکەین کە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، چ کورد بن یان عەرەب، مسۆگەر بکەن."
 
 سەبارەت بە گەمارۆدانی شاری کۆبانی و نەبوونی سووتەمەنی لە زستانێکی سەختدا کە بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  شەش منداڵ بەهۆی "سەرما" گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، هەفتەی رابردوو لە رێگەی 24 بارهەڵگرەوە هاوکاریی مرۆیی گەیشتووەتە شاری کۆبانی، دەبێت حکومەتی سووریا گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەڕێگەی دوو کۆریدۆرەوە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسیاری رەمەزان.

بەرپرسیاری رەمەزان؛ ژیانی دایک و کچێک لە سلێمانی، لەنێوان نەخۆشی، هەژاری و قەرزدا

لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، گوڵشەن واحید و رووناک کەریمی دایکی گوڵشەن، لە بارودۆخێکی سەختی تەندروستی و داراییدا دەژین. گوڵشەن، کە تەمەنی 37 ساڵە و تائێستا حەوت نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێی سنگی بۆ کراوە، دەڵێت بەهۆی قەرز و کرێی خانوو و نەخۆشییەوە، "ژیانمان بووەتە دۆزەخ."