رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، واشنتن رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان پێیوایە لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق پەراوێزخراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، باشتر وابوو کە رێگەکە بە دهۆکدا بەرەو تورکیا تێپەڕبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی شوباتی 2028، سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بەڕێوەدەچێت، کە ناوەندی رووداو بۆ توێژینەوە رێکیخستووە.
لە کۆڕبەندەکەدا پانێلێک لەژێر ناونیشانی رکابەریی پرۆژەی رێگاکان و داهاتووی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق بەڕێوەچوو.
د. یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، واشنتن، باسی لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق کرد و گوتی، "چەند فاکتەرێک هەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئاوا گەورەی ملیار دۆلاری لە داهاتوودا سەرکەوتوو بن، یەکێک لەو هۆکارانە سەقامگیریی سیاسییە؛ دووەمین ئەوەیە بتوانیت وەبەرهێنانی دەرەکی رابکێشیت، هەروەها دۆخی ئابووری ئەو پڕۆژە گەورانەش گرنگە، دەبێت بزاندرێت کە ئەم پرۆژانە ئەو ئامانجە بەدەستدەهێنن، کە پلانیانیان بۆ دانراوە".
یەریڤان سەعید رەخنەی لە دیزاینی پڕۆژەکە گرت و گوتی: "هەرێمی کوردستان پێیوایە کە لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق پەراوێزخراوە، ئەگەر سەیری دیزاینی رێگەی گەشەپێدان بکەیت کە لە بەسرەوە دەستپێدەکات، بەرەو دیوانییە، ناسرییە و نەجەف درێژ دەبێتەوە، پڕۆژەکە وەکو مار پێچ دەخواتەوە و بە هەموو پارێزگاکانی شیعەکاندا دەڕوات."
بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، واشنتن، باسی لە ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی بەردەم پڕۆژەکە کرد و گوتی، "رێگەکە ئاڵنگاری ئەمنیشی بۆ دروست دەبێت، دابەشبوونی هێز لە تەواوی عێراق هەیە، چەندین گرووپی میلیشیایی هەن، کە ئاڵنگاری بۆ دەسەڵات دروست دەکەن و کێبڕکێی بەدەستهێنانی سەرمایە دەکەن و دەیانەوێت گرێبەست بکەن. بەدڵنیاییەوە پڕۆژەیەکی ئاوا گەورەش سەرنجی زۆری دەچێتە سەر، بەرتیل و گەندەڵی دەبێتە بەشێکی گەورەی پڕۆژەکە".
پڕۆژەکە بە 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت، سەرچاوەیەکی نوێی داهاتە بۆ عێراق و نزیکەی 100 هەزار هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.
رێگەى گەشەپێدان 1,200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى.
کارەکانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەسەر 15 بەش و سێ قۆناخ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ