رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی بە رووداوی گوت، بۆ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان، "هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت چاوەڕوانی پەکەکە بکرێت بزانرێت وەڵام و داواکارییان بۆ چەکدانان چییە.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداودا کە هێڤیدار زانا لەگەڵئ کرد، باسی لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی، دانەنانی چوارچێوەی یاسایی بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان "مەترسییە بۆ هەموو لایەک". داواشی کرد، چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەکە دابنرێت و گوتی: "بابەتەکە باسی هەزاران کەسە کە ئێستا لە چیاکانن و چەکیان بەدەستە و لە شەڕدان، بۆیە ئامادەکاری زیاتر پێویستە".
گوتەبێژی دەم پارتی باسی لە گەرەکانی گۆڕانکاری لە دەستووری تورکیا کرد و گوتی: "دەبێت گۆڕانکاری بکرێت و ئەوە قسەکردنیشی ناوێت".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: هەموو کەس دەڵێت پەیامەکەی ئۆجەلان باشە و دەبێتە هۆکاری ئاشتیی لە ناوچەکە. پەیامەکە تایبەتە بە پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەیان، ئایا دوای ئەوە کورد بە چی دەگات؟ دەگاتە مافەکانی؟
ئایشەگوڵ دۆغان: سوپاس. بە بینەرانیش دەڵێم رۆژ باش. مرۆڤ کە لە بانگەوازەکە دەڕوانێت دەڵێت، تەنیا بانگەوازە بۆ چەکدادانی پەکەکە، بەڵام کاتێک نێوەڕۆکی بانگەوازەکە دەخوێندرێتەوە مرۆڤ دەبینێت ئەو هۆکارانەی بوون بە هۆکاری دامەزراندنی پەکەکە، خواستی پەکەکە و رێوڕێبازی بەکارهێنانی چەک چییە، ئەوانەشی تێدایە، واتا لە بانگەوازەکە بڕوانین، رێزدار ئۆجالان باس لەو کاتە دەکات کە لە چ هەلومەرجێکدا پەکەکە دامەزراوە، واتا لەو کاتەدا رێوڕێبازێکی تووند هەبووە و چەک بەکارهێندراوە، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانین بنچینەیەکی نوێ بنیاتبنێین. ئێستا دەبێت کاتێک باسی بەکارهێنانی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەکەین بڕوانینە هەلومەرجی دامەزراندنی پەکەکە و بۆچی چەکیان بەکارهێناوە، کێشەی کورد، کێشەی ماف و ئازادیی و ناسنامەی گەلێکە، واتا ئەو قەدەخەکردنەی لەسەر ئەم گەلە هەیە و چۆن لاببرێت. [ئۆجەلان] دەڵێت، من پێشنیازی نوێ دەهێنم، بانگەوازەکە دەبێت وەکو پێشنیازیش خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونکە ئەمە بابەتێکی نوێ نییە و جاری یەکەمیش نییە رێزدار ئۆجەلان دەڵێت، ئێمە رێوڕێبازی دیموکراتی و سیاسەت بکەینەوە و ئەو هەلومەرجەی هۆکاری دروستبوونی پەکەکە بووە، لاببەین پێویستیی تێکۆشانێکی بەو شێوەیە {چەکداری} خۆی نامێنێت. ئێمە ئەم بابەتە لەسەر یەک لایەن نابینین، راستە بانگەوازەکەی بۆ رێکخستنی خۆی بۆ پەکەکە کردووە و ئێمە ناتوانین لە جیاتی ئەوان وەڵام بدەینەوە و دەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە، بە ئەوانی گوتووە، کە دەبێت کۆنگرە بکەن و بڕیار بدەن هەڵبوەشێنەوە. دوای ئەوەی چۆن دەبێت و چی دەبێت ئەوە وەڵامی لەلایەن پەکەکەوە دەدرێتەوە. ئێمە وەکو پارتی دەم قورسایی بەوە دەدەین کە بە شێوەیەکی سیاسیی و بنەمایەکی یاسایی دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت. شاندێکمان چووەتە ئیمرالی و بانگەوازی رێزداری ئۆجەلانی بەشێوەی راستەوخۆ بڵاوکردەوە، ئێمە سێ و چوار مانگ لەمەوبەر بیرمان لەم رۆژە بکردایەتەوە نەماندەتوانی فکری خۆمان بڵێین، نەماندەتوانی بیریش بکەینەوە، ئێستاش بنەمایەکی یاسایی نییە و هەرچی دەکرێت بێ بنەمای یاساییە.
رووداو: ئەوە مەترسیی نییە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: بەڵی. مەترسییە بۆ هەموو لایەک، بۆ لابردنی ئەو مەترسییەش دەبێت بنەمایەکی سیاسیی ئامادە بکرێت و چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دابنرێت. ئەوە پرۆسەکە لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزتر و پتەوتری دەکات.
رووداو: لەنێوان ئێوە و حکومەتدا دانوستاندن هەبووە لەسەر ئەوەی، کە هەرکات پەکەکە چەکی دانا، چی بۆ کورد دەکرێت؟ دەتوانین چاوەڕوانی گۆڕانکاری بکەین لە دەستووری تورکیادا؟
ئایشەگوڵ دۆغان: کاتێک شاندی ئەوان {ئاکپارتی و مەهەپە} سەردانمان کردن و پێشوازییان لێکردین، ئەوکات لەسەر هەندێک خاڵ گفتوگۆمان کرد، ئەو خاڵانەش پەیامی رێزدار ئۆجالان بوو، نێوەڕۆکی ئەوەی کارمان لەسەر دەکرد بوون، جیا لەوانە هیچ دانوستاندنێک نییە، ئەوەش کەموکورتییەکە و دەبێت گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکان هەبێت، ئەوانەی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش، پارتە سیاسییە کوردییەکانیشی تێدا بێت، چونکە ئەو پرۆسەیەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت فراوانە و دەبێت بە فراوانیش تاوتوێ بکرێت.
چەندین ساڵ ئێمە دەمانگوت رێککەوتنی کوردان و یەکدەنگی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد، بنچینەیەکی زۆر گرنگە. دەبێت رێککەوتنی نێوخۆیی هەبێ ئەوکات چارەسەریش ئاسان دەبێت، کاتێک واماندەگوت دەیانگوت دەیانەوێت کۆمارێک پارچە بکەن، ئەمە ئەو مانایەی نییە. ئێستا دەبینرێت، بۆچی رێککەوتنی کوردان پێویست و گرنگە و دەبێت لەنێوان پارتە سیاسییە کوردییەکاندا پێکبێ؟، ئەم بابەتە بابەتی تورکیایە، بەڵام وڵاتانی هاوسێی تورکیاش پێیەوە پەیوەندیدارن. باسی گۆڕانکاری لە دەستوور بکەم، گۆڕانکاری مەرجە، پێویست ناکات قسەشی لەسەر بکەین. ئێمە باسی هەزاران کەس دەکەین کە ئێستا لەسەر چیان و چەکیان لەدەستدایە، ئەم بانگەوازەش بۆ رێکخستنێک دەکرێت کە چەک بەکاردەهێنن، ئەو کەسانەی لەوێ چەک بەکاردەهێنن لەبەر ئەوەیە شەڕێک هەیە، ئەوە پڕۆسەیەکە و دەبێ بڵێین چۆن پێکبێت، وەڵامی پەکەکە چی بێت و داواکارییەکانی چی دەبن، دەبێت ئێمە وەکو سیاسەتمەدار بیربیکەینەوە و ئامادەکاری بۆ بکەین، ئێستا هەموو کەسێک دەڵێت دڵخۆشین و هیوامان زیاترە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هیچ نەبێ بتوانین ئەو هیوایە گەورەتر بکەین، دەبێت بتوانین ئامادەکاری بکەین. بۆ نموونە پرسیار دەکرا، پەیامەکە چۆن دەبێ وێنە، ڤیدیۆ یان نووسین؟ هەموو کەس چاوەڕێ بوو ڤیدیۆ بێت، ڤیدیۆ نەکرا، خۆزگە دەنگی و رووی دیار بووایە و گوتەکانی سەرانسەر رای گشتیی جیهان سەیری بکردایە.
رووداو: زانیارییەک هەبوو دەیگوت، ئۆجەلان خۆی نووسراوەکەی خوێندووەتەوە و بە ڤیدیۆش تۆمارکراوە، ئەگەر راستە و تۆمار کراوە بۆ بڵاونەکرایەوە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: ئەو پرسیارەش نموویەکە، لەلایەن حکومەتەوە بێت، دەبێت بڵاوبکرێتەوە، پرسیار هەن بێ وەڵام دەمێننەوە، کاتێک ئەو پرسیارانەش بێ وەڵام دەمێننەوە فکری کۆمەڵگەش ئارام و هێور نابێت. ئەم پڕۆسەیە زۆر جیدییە و دەبێت ئەوانیش {تورکیا} جیدی نزیک ببنەوە. تاوەکو ئێستا دەیانگوت لە چاوەڕوانی ئەو بانگەوازەداین، ئێستا بانگەوازیی هاتووە، شتێک کە چاوەڕوانی بوون ئایا هەر ئەوە بوو؟ نەخێر. نابێت ئەوەندە بێت، چونکە نەخشەڕێگەیەک پێویستە.
رووداو: بەگوێرەی پەیامەکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن هەر چاوەڕێی ئەو بانگەوازە بوون.
ئایشەگوڵ دۆغان: بەڵێ بۆ سەرەتا هەر هێندە بوو، ئەوەی سەرەتا روویدا کە باخچەلی کردی و سەرۆککۆمار پشتگیری کرد، گرنگ بوو، بەڵام ئەم بانگەوازە بە روونی دەڵێت، پێکەوەبوونی هەزار ساڵەی نێوان گەلی تورک و کورد دا لەنوێوە بنیاتبنرێنەوە.
رووداو: لە بابەتی چارەسەریدا دەڵێن، نەتەوە – دەوڵەت نابێ، فیدراسیۆن و خۆسەریش چارەسەر نییە، کەواتە لەوکاتەدا کورد ناتوانێت داوای مافی زمانی دایکیشی بکات؟
ئایشەگوڵ دۆغان: ئەو خاڵانەی هەن ساڵانێکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. دەمەوێت لەسەر خاڵێک قسە بکەم لە بانگەوازییەکە کە دەڵێت، هەزاران ساڵە کورد و تورک بە خواستی خۆیان پێکەوە بوون و جاریش هەبووە دوور لە خواستی خۆیان پێکەوە بوون. بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت، ئەو پەیوەندییە یان دەبێت درێژەی پێبدرێت و پتەو بکرێت یان بەشێوەیەکی مێژوویی بشکێندرێت و هیواخوازین بەشێوەیەکی ئەرێنی بشکێندرێت. پەکەکە دەوڵەت نەتەوەیەکی جیای ناوێت، لە 1999ـەوە تاوەکو ئێستا ئەوەی ئاشکرا کردووە و نوێ نییە. فیدرایسیۆن دەڵێ چارەسەر نییە، بەڵام مانای ئەوە نییە گفتوگۆی لەسەر نەکرێت، پەکەکە و رێبەری پەکەکە بابەتێک دەخەنە گۆڕەپانەکەوە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. زمانی دایک و کولتوور و هونەر بابەتی گەورەتر لەوە هەیە، کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسییە، کێشەی کورد تەنیا پەیوەست نییە بە کولتوور و هونەرەوە، کێشەی کورد کێشەی گەلێکە، کێشەی ناسنامەیە، ستاتۆ و چاند، هونەر و زمانە، ئەم قەدەخە گشتییانە دەبێت لاببرێن، ناتوانین بڵێین تەنیا کێشەی زمانە، زمان زۆر پێویستە بۆ مانەوەی گەلێک، بەڵام چوارچێوەی کێشەی کورد گەورەترە.
رووداو: محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دوو نەتەوە و دوو زمان نییە، واتا کورد تاوەکو ئەمڕۆ چۆن هاتووە هەر وادەبێت، کە دۆخی کورد خراپ بووە تاوەکو ئەمڕۆ، ئایا هەروا دەبێت؟
ئایشەگوڵ دۆغان: تاوەکو ئەمڕۆ دەیانگوت {کورد} گەلێک نین و زمانیشیان نییە، ئەوانە ئاشکران کە کێ هەیە و کێ نییە، گەلی کورد ساڵانێکە تێکۆشانێکی گەورە دەکات و لە هەموو شوێنێکیش دیارە. ئەمڕۆ لە باکوور، باشوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات، ئەورووپا و هەموو جیهاندا کورد تێکۆشانێکی گەورە مافدار دەکات. تاوەکو ئێستا دەیانگوت کورد چەک بەکاردەهێنێت، ئەوە بانگەوازیش هات، ئێستا چاوەڕوانی چین بۆ قبوڵکردنی ناسنامەیەک و ناسینی گەلێکی بەمشێوەیە ئاشتیخواز. لەبەر ئەوانە گەلێک و زمانێکی تەنیا لەم کۆمارەدا هەیە نابێت و رێگەیەکی راست نییە، کەسێک نەتوانن دۆخی ئێستا وەکو خۆی بخوێننەوە و ئامادەکاری بۆ بکەن، بەداخەوە ئەوانە مێژوو نابینن.
رووداو: ئێوە تۆمەتبار دەکران، کە لەژێر کاریگەری پەکەکەدان و لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرن، دوای چەکدادانی پەکەکە ئێوە دەستکراوەتر دەبن و دەتوانن زیاتر داواکارییەکان پێشکێش بکەن؟
ئایشەگوڵ دۆغان: ئێستاش داواکانمان کردوون و دیارن، ئەوەی هەبوون هەمووی بیانوون و بیانوو دەگرن، لە هەفتەی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە چەندین کەسیان دەستگیرکردووە، سێ ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئێمەشی تێدایە و نایاساییانە دەستگیرکراون، ئەوانە بەبێ یاسایی دەکرێن، بیانووی هەموو جاریان دەڵێن ئەمانە پەیوەندییان بە پەکەکە و کەجەکەوە هەیە، کەسیش باوەڕیان پێ ناکات. رای گشتیی تورکیا بۆ دۆخێکی دیموکراتی و ئازاد ئامادەیە، ئێمە ساڵانێکە ئەوە دەبینین. بانگەوازیی ئۆجالانیش ناوی لێناوە "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی" ئەگەر بتوانین ئەوە پێکبهێنین ئەوکاتە بیانوویشیان ناهێڵێن. لەمەودوا لەنێوان شەڕ و ئاشتدا ئەوانەی لایەنگری ئاشتین ئاشکرا دەبن، ئەوانەشی هەبوونی خۆیان لەشەڕدا دەبینن هەرچەند خۆشیان بشارنەوە، دەردەکەون. بۆ ئەمە زیاتر لە 50 ساڵە کورد و ئەوانەی لەگەڵ کوردا بۆ مافەکانی کورد و ئازادی و دیموکراسیی لە تورکیا تێکۆشانیان کردووە، هەر جارە و بە بیانوویەک رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، ئەو خەباتە بەردەوام بێ هەر ئەنجامی دەبێت. شەڕی پەنجا ساڵە دەیانگوت خواستی گەلێک و زمانێک نییە و دیموکراتیش هەیە و کێشەی کورد نییە، ئەی کێشەی وا نەبێ بۆ نموونە بۆ قەیووم دادەنێن، هۆکارەکەی چییە؟ ئەوە دژایەتی و قبوڵنەکردنی کورد نەبێت چییە؟ دەڵێن کورد ناتوانێت قسە بکات و چاندی خۆی بەکاربهێنێت، ناتوانێت سیاسەت بکات، ئەی دەبێت کورد چی بکات؟ دەبێت وەڵام بدەنەوە؟ وەڵام بە قسە نا، بە کردار. پێشتریش ئەوەمان گوتووە، کە مافی کورد وەکو کێشەیەکی سیاسیی و یاسایی ببینێرێت لەو چوارچێوەیە چارەسەر بکات.
رووداو: بابەتی تەکنیکی هەیە، ئەگەر پەکەکە کۆنگرە بکات و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، کادر و گەریلاکانی پەکەکە لە کوێ بمێننەوە؟ بابەتەکە دوور و درێژە و دەبێت پلان دانرابێت، ئەمە چۆنە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: بەردەوامیدان بە شەڕ و پێکهێنانی ئاشتی بابەتێکی ئاسان نییە؛ لە رۆژێک و هەفتەیەکدا لە جیهاندا پێکنەهاتووە و باوەڕ ناکەم ئێمەش بتوانین ئەوەندە زوو ئاشتییەکی بتەو و دوور مەودا دروستبکەین. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت ئێمە گفتوگۆ بکەین و زیاتر هەنگاو بنێین، ئەو پرسەی ئێستا گفتوگۆی دەکەین ساڵانێکە قسەی لەسەر دەکرێت، ساڵانی 2013، 2014 و 2015 گفتوگۆیان لەسەر کراوە، پێش ئەوەش گفتوگۆکانی ئۆسلۆ هەبوون ئەوکاتەش قسەی لەسەر کرا، ئێستا دەبێت پەکەکە و رێبەری پەکەکە وەڵام بدەنەوە، بەڵام ئەوانەی کە لە سەرەمی (ئۆزال) لە ساڵی 1993ـەوە تاوەکو ئێستا چەکیان بەکارهێناوە بابەتێکی سەرەکییە گفتوگۆی لەسەر کراوە و بە ئاشکرا و نهێنیش، وەڵامێک بە روونی بڵێم ئەوەیە، هیچ نەخشەڕێگەیەک تاوەکو ئێستا رانەگەیێندراوە و حکومەت بە ئێمەشی نەداوە، کەسانێک کە بەرپرسیارن دەبێت ئەو بابەتەش چارەسەر بکەن، کە یەکێک کە فەرماندارێکی پەکەکەیە و ناوێکی گەورەیە و کەسانێکن دەتوانن لەسەر بابەتی پەکەکە قسە بکەن ئەوانن، وەکو جەمیل بایک، بەسێ هۆزات، موراد قەرەیلان {داهاتوویان چۆن دەبێت}. لەو رۆژانەدا لە دیدارێکدا موراد قەرەیلان قسەی دەکرد و منیش سەیرم دەکرد، بە کوردی وەڵامی دەدا، لێی دەپرسن ئێوە چەک دادەنێن؟ ئەو خۆی وەڵام دەداتەوە دەڵێت، (من ناتوانم بانگەوازی وابکەم، کەسێک کە دەتوانێت ئەو بانگەوازە بکات رێزدار ئۆجەلان رێبەری پەکەکەیە) قەرەیلان دەڵێت (ئەوانەی شەڕڤانی پەکەکەن سەرباز نین بۆ مووچە کاربکەن، تاوەکو شەڕ بەردەوام بێت ناتوانم بڵێم دەستبەرداری چەکەکانتان ببن). هەروەها دەڵێت (ئەوانەی لێرە شەڕڤانن، بە دڵی خۆیان چوون و ئایدۆلۆژیای خۆیان هەیە، ئەوانەی بە دڵخوازی خۆیان چوون دەبێت بە دڵخوازی خۆیان و بگەڕێنەوە و ئەو متمانەیان بۆ دروست ببێت).
رووداو: زۆر سوپاس ئایشەگوڵ دۆغان، بەخێرهاتی کە میوانی ئێمە بوویت.
ئایشەگوڵ دۆغان: زۆر سوپاس، جارێکی دیکە دەمەوێت بڵێم، ئێمە وەکو دەم پارتی، زۆر دڵخۆشین و پشتیوانێکی گەورەش دەبین بۆ بانگەوازەکە، ئەمە سەرەتایەکە و دەمانەوێت و بەو دەستپپێکە بگەینە ئاشتییەکی درێژخایەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ