رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بڕیاردراوە کارەبای کارگەکان و ئەو بڕەی دەدرا بە بەغدا رابگیرێت.
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا روودەدات کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و گاز هەبووە. کۆمپانیای دانەگاز کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداری کردینەوە کە بەهۆی مەترسییەکانی شەڕ و بۆ پاراستنی کێڵگەکە، بەرهەمهێنانی گازیان راگرتووە."
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار مێگاوات بووە، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 1200 تاوەکو 1500 مێگاوات. گوتیشی، "لەم بارودۆخەدا دەتوانین رۆژانە تەنیا 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین."
سێ رێکاری بەپەلەی حکومەت
بە گوتەی وەزیری کارەبا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە کۆبووەتەوە و سێ بڕیاری بەپەلە دراون:
1-راگرتنی کارەبای کارگەکان کە نزیکەی 400 بۆ 500 مێگاوات بووە.
2- راگرتنی ناردنی کارەبا بۆ حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
3-دابینکردنی دوو ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەی دهۆک بۆ ئەوەی بڕی بەرهەمهێنان زیاد بکرێت.
سەبارەت بە نەوت، کەمال محەممەد ئاشکرای کرد کە پێنج کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت کارەکانیان راگرتووە، "ئەمەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنان لە 180 هەزار بەرمیلەوە بۆ 90 هەزار بەرمیل دابەزێت."
وەزیری کارەبا هاووڵاتیانی دڵنیاکردەوە و گوتی، "بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی بەنزین و گازوایل دروست نابێت، هەروەها گازی ماڵان بۆ ماوەی مانگێکی تریش لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ گرفتێک لەو بوارەدا نییە."
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ناردنی گازی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها وێستگە کارۆئاوییەکان و سیستمی سۆلار بەکارخراون بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ