رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" کە خۆی وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق" دەناسێنێت رایگەیاندووە، بە سێ درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر.
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "موجاهیدەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام داوە و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج."
گرووپەکە لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری هێرشەکەی بۆ "پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" گەڕاندووەتەوە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوەیان وەک "بەرگری لە سەروەریی عێراق" ئەنجام داوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەندین مووشەک و درۆنی ئێران نێردرانە سەر ئاسمانی هەولێر و شەش لەو هێرشانە پووچەڵکرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکان بە 27 درۆن و مووشەک کراون، بەڵام بەرپەرچی هەمووی دراوەتەوە و هیچیان زیانیان نەبووە.
سەرایا ئەولیا دەم، یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 دەرکەوت.
یەکەمجار نییە ئەم گرووپە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان. رۆژی 15ی شوباتی 2021ی هێرشێکی دیکەی مووشەکیی سەر شاری هەولێری گرتە ئەستۆ، کە تێیدا بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژرا و سەربازێکی ئەمریکی و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون. دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەنجامدەری هێرشەکەی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ