وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی شوباتی راگەیاند

28-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستێکی مووچەی بڵاوکردەوە و بەوپێیە بێت، رۆژی شەممە، 30-03-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دەکرێت.
 
بەگوێرەی لیستەکە بێت، رۆژی شەممە، مووچەی وەزارەتی تەندروستی و خانەنشینانی شارستانی و یەکشەممەش مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.
 
لە لیستەکەدا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێدا نییە. لەو بارەیەوە، هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی گوت، "وەزارەتی دارایی فیدراڵ لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ وردبینی، لە چەند رۆژی داهاتوو سوودانی مووچەکانیان رەوانە دەکات".
 
ئەم لیستە لە پاش 50 رۆژ لە دابەش نەکردنی مووچە هات، کە بەهۆی نەناردنی پارەی پێویست لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنەکەی راگرتبوو.

 

 
لەسەر داواى وەزارەتى دارایی عێراق، لیستى ناوى هێزە ئەمنییەکان کە بە کۆد ئامادەکراوە، لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە بۆ ماوەى دوو رۆژ وردبینی کراوە و نێردراوە بۆ بەغدا، بەڵام پارەکەیان کە زیاتر لە 350 ملیار دینارە نەنێرداوە و لە لیستى دابەشکردنى مووچەدا نەبوون، تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق ئامادە نییە بە لیستى کۆد پارەى هێزە ئەمنیەکان بینرێرێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵى داواى کردووە، لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و ئەو شوێنانەى کە ماون و ناوەکانیان بە کۆد نێردراوە بۆ بەغدا، لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە وردبینى بکرێت و بۆیانى بنێرن.
 
 پرۆسەى وردبینى لەو لیستانەى کە ناوەکانیان بەکۆد بووە، دوو رۆژى خایاندووە و و دواى تەواوکردنى لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە، لە 27ى ئادارى 2024 نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق کە دەبوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ى ئادارى 2024 ئەو بڕە پارەیەى دیکە بنێردرایە کە ماوە، بەڵام نەنێردراوە.
 
بڕیارە لە رۆژى شەممەوە دابەشکردنى مووچەى مانگی شوبات دەستپێبکات، بەگوێرەى ئەو لیستەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، جگە لە وەزارتى پێشمەرگە، چەند هێزێکى دیکەى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو شوێنانەى ناویان بڵاونەکراوەتەوە ئەوانەن کە بەغدا پارەکەى نەناردوون کە تێکڕاى پارەکانیان زیاتر لە 350 ملیا دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە