رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە تووندی ئیدانەی دەکەین."
هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بیری حکومەتی فیدراڵیی دەخەینەوە، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق."
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات لەوەی، "ئەگەر دەستبەجێ ئاژاوەگێڕەکان رانەگیرێن و رووبەڕووی سزا نەکرێنەوە، دڵنیام سبەی دەبنە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر بۆ سەر سەروماڵی بەرپرس و دامودەزگا فەرمییەکانی بەشەکانی دیکەی عێراق."
هەر ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ