وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەدات لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاریی نادروست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەک لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان نەکەونە ژێر کاریگەریی "پڕوپاگەندەی نەیارانەوە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکە و عێراق هەیە، "هەندێک سەرچاوە زانیاریی نادروست دەربارەی باری ئەمنیی هەرێمی کوردستان بڵاودەکەنەوە."
 
وەزارەتی ناوخۆ هۆکاری ئەو جۆرە هەواڵانە بۆ "ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو هاووڵاتییان" دەگەڕێنێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە خەڵک کراوە "تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری لەمبارەیەوە وەربگرن و نەکەونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی نەیارانەوە."
 
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ پەیامێک ئاراستەی کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات و داوایان لێدەکات "بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەر هەواڵ و زانیارییەک بکەن کە پەیوەندیی بە ئاسایشی هاووڵاتییانەوە هەبێت، و بەبێ وردبینی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، زانیاریی نادروست بڵاونەکەنەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە