ئەمینداری کەتائیبی سەیدولشوهەدا: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی رەتکراوەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە کارێکی "قێزەون و رەتکراوە" ناودەبات و دەڵێت، پێچەوانەی بنەماکانی ئەوانە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە پەیامێکی دەرەکییە بەهۆی ئەوەی نێچیرڤان بارزانی رەتیکردووەتەوە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بکات.
 
سەیدولشوهەدا، گرووپێکی نێو بەرەی مقاوەمەی نزیک لە ئێرانە. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، ئەبو ئالا وەلائی پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنەسەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەکات.
 
وەلائی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی فەرمیی هاوسەنگە، بە رەوشتبەرزی و خوی جوانی توانیویەتی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بونیاد بنێت."
 
سەبارەت بە هێرشەکەش، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا رایدەگەیێنێت: "ئامانجگرتنی ماڵەکەی، چەند رۆژێک دوای رووداوێکی هاوشێوە بۆ سەر ماڵی کاک فالح فەیاز، کارێکی قێزەون و رەتکراوەیە و پێچەوانەی ئەدەبیات، بەها بەرزەکان و بنەماکانی مقاوەمەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەلائی هۆکاری هێرشەکە دەبەستێتەوە بە هەڵوێستەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران: "رەنگە ئەم ئامانجگرتنە لە چوارچێوەی گوشار یان پەیامی دەرەکی بێت، بەتایبەتی لە سایەی هەڵوێستەکانیدا کە رەتیکردووەتەوە هیچ ئاسانکارییەک پێشكێش بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە باکووری عێراق بکات بۆ ئەنجامدانی کاری دوژمنکارانە لە نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
وەلائی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا رادەکێشێت و هۆشداری دەدات، کە هەبوونی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی پاشەکشە و شەرمەزارییەکی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەو "شکستە ئابڕووبەرانەی" تووشی بووە. ئەو پێیوایە ئەم دۆخە رەنگە پاڵ بە واشنتنەوە بنێت، کە سیاسەتی ئاڵۆزکردن و گرژی بگرێتەبەر بە ئاشکرا یان بە نهێنی، کە ئەمەش هەڕەشە لە یەکڕیزیی نیشتمانیی عێراق دەکات.
 
رۆژی شەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، هێرشەکە شەپۆلێکی سەرکۆنەکردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدواداهات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە سنووری پارێزگای سلێمانی پشووە

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگاکە پشووە.