رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامەدی بنەڕەتی دەڵێت، لە کاتی دەوامدا گورگێک هاتووەتە نێو قوتابخانەکەیان، بەڵام هیچ زیانێکی بە قوتابیان و مامۆستایان نەگەیاندووە و لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەکە گیراوە.
رۆژی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، زێرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامەدی بنەڕەتی لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مامۆستا و قوتابیان لە دەوام بوون، لەناکاو گورگێک خۆی کرد بە نێو قوتابخانەکەدا، هەرچەندە قوتابییەکان ترسان، بەڵام هیچ زیانێکی نەبوو، دوای نزیکەی کاژێرێک هەر مامۆستایانی قوتابخانەکە توانیان بیگرن."
وەکو بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامەد دەڵێت، دوای گرتنی گورگەکە، پەیوەندییان بە شەڵتەری هەولێر کردووە و رادەستی ئەوانیان کردووە.
بە گوتەی زێرۆ عەبدوڵڵا، نازاندرێت ئەو ئاژەڵە ماڵییە یان نا، بەڵام گوتی، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار زیاتر ئاگاداری ئەو ئاژەڵانە بن، چونکە مەترسی دروست دەکەن بەتایبەتی لە شوێنێکی وەکو قوتابخانەکەی ئەوان، کە لەنێو ماڵاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ