وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا؛ دوای 11 ساڵ رێگە بە هاوردەکردنی تاکسی نوێ دەدرێت

28-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەنگاوێکی نوێدا بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی، بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە، باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28-4-2025، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا ئەو بڕیارەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن".
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە گازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
 
11 ساڵە تاکسی نوێ هاوردە نەکراوە
 
نێوەڕاستی ئەم مانگە، چەند هاونیشتمانییەک کە شۆفێری تاکسین، پەیوەندییان بە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە کرد و گوتیان: "لە ساڵی 2014ـەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی تاکسی هاوردە نەکراوە. ئۆتۆمبێلەکانمان کۆن و ماندوو بوون و پێویستیان بە گۆڕینە؛ داواکارین حکومەت رێگەبدات بە هاوردەکردنی تاکسی".
 
هەر لەو بەرنامەیەدا، ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە دوو ساڵە داوایان کردووە تەکسی کارەبایی و هایبرێد هاوردەبکرێن.
 
ژمارەی تاکسییەکان زیاد ناکات
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، جێگای باسە بە گوێرەی ئەو رێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێلی تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار تاکسی هەن.
 
بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکە، وەکو وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێداوە، رەنگی تاکسی نوێ هەمان رەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیاوە بەو رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر رەنگێکی پەسندکراو جگە لە رەنگی تاکسی.
 
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کردووە، کە پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە 7ی ساڵی 2021ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنیا ئۆتۆمبێلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.
لە رێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواو کارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین 89 جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە رێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری پەکەکە: ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژووییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین، هەروەها "ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيە."