رووداو دیجیتاڵ
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری CDU لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین- ئەڵمانیا دەڵێت، لە هەڵبژاردندا بە جیاوازییەکی گەورە بەسەر سەرۆکی پارتی SPD لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین سەرکەوت، دەشڵێت، "پێموایە لەگەڵ پارتی سەوز پێکەوە حکومەتی شلێسڤیگ هۆڵشتاین پێکبهێنین."
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری CDU لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین- ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا لە ئەڵمانیاوە پێشکێشی کرد و شەوی 27-05-2022 پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "بەڵێنم بە خەڵکی شلێسڤیگ هۆڵشتاین داوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەم" باسی لەوەش کرد، "کوردی دانیشتووی هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین پشتیوانی زۆریان کردم."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، CDU سیاسەتی خۆی بەرامبەر بیانییەکانی شلێسڤیگ هۆڵشتاین باشترکرد، بۆیە گرنگە کوردی نیشتەجێی شلێسڤیگ هۆڵشتاین بچنە نێو پارتەکە و گوتیشی، "CDU توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی شلێسڤیگ هۆڵشتاین بباتەوە."
رووداو: چەند هەفتەیەکە سەرکەوتنت بەدەستهێناوە و پیرۆزباییت لێدەکەم.
سەیران پاپۆ: سوپاس
رووداو: دەمەوێ بپرسم بۆچی سەرکەوتنەکەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکان لە ئەڵمانیا ئەوەندە گرنگ بوو، بووە هەواڵێکی گەورە، سەرەتا لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین، بەتایبەت لەسەر شاری کیل دەمەوێ زیاتر قسە بکەم، زۆر کورد لەم هەرێمە دەژین و من چوومە نێویان و بەتایبەت نێو شاری ئێوە شاری کیل بینیم دۆخیان باش نییە و پێداویستیان زۆرە، مرۆڤ دەبینێت ئەوێ ئەڵمانیایە، بەڵام ئەڵمانیایەکی جیاواز و پێشکەوتوو نییە وەک دەڤەرەکانی دیکە، دەتەوێ لە ساڵانی داهاتوودا چی بکەی بۆ کوردانی نیشتەجێی ئێرە بۆئەوەی دۆخیان باشتر ببێت؟
سەیران پاپۆ: سوپاسی هاتنتان دەکەم بۆ ئێرە، وەک خۆتان دەزانن بەر لە دوو هەفتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکان لێرە ئەنجامدرا، منیش بەربژێربووم و لەریزبەندی 18ـەمین لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین بەتایبەت شاری کیل و لە گاردن، لێرە خەڵکی زۆری بیانی لێیە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری کوردی خۆمانی لێدەژین، بۆیە دەمویست ببمە بەربژێر و منیان بەربژێر کرد، کێشەی گاردن لە کیل کێشەیەکی گەورەیە، بەتایبەتی لەلایەنی بیوکراسییەوە کێشەی زۆرە، هەروەها کێشەی دەستنکەوتنی شوێنی نیشتەجێبوونی هەیە، بۆیە لە کاتی هەڵبژاردنەکان ماڵ بە ماڵ گەڕام و دەمویست بزانم وردەکاری کێشەی ئەو خەڵکە چییە، چونکە بەو خەڵکەم گوتبوو کاتێک دەبمە نوێنەری ئێوە لە پەرلەمان دەمەوێ هەمیشە دەرگەمان بۆیەکتر کراوەبێت و نامەوێت تەنیا ببمە پەرلەمانتارێکی دیالۆگی و تەنیا لە پەرلەمان دابنیشم، ئەوکات بۆمنیش زەحمەت دەبێت و ناکرێ نەزانم لەو شوێنەی من نوێنەرایەتیان دەکەم نەزانم کێشە و داواکاریی خەڵکەکەی چییە، لەوێ کیشەی جیاواز هەن، بۆ نموونە ژنان کێشەیان هەیە، بەتایبەتی دەستنەکەوتنی کار و فێرنەبوونی زمان، تەنانەت هەندێ گەنجی خۆمان لەوێ هەن زمانی دایکیان نازانن، ئەمە کارەساتە، کەسێک زمانی دایکی فێرنەبێت چۆن دەکرێ زمانەکانی دیکە فێر بێت، بۆیە ئێمە تێدەکۆشین، هەرچەندە ئێمە تەنیا دوو هەفتەیە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، بوومەتە پەرلەمانتار، بەڵام بەڵێنم بەو خەڵکە داوە چارەسەری هەموو کێشە و گرفتەکانیان بکەین، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی خۆجێی پێکهات، ئەوکات تێکۆشینمان زیاتر دەکەین بۆئەوەی هەموو گرفتەکانیان بەتەواوی چارەسەربن.
رووداو: یەکێک لە کێشەکانی هەرێمەکە بەڕێوەبەرایەتیی بیانییەکانە، دەڵێن زۆر درەنگ وەڵامی بیانییەکان دەداتەوە، ئێوە دەتوانن کاری جیدیان بۆ بکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن؟
سەیران پاپۆ: بەڵێ، بەڵام تاوەکو ئێستا شارەوانی لە دەستی SPD دایە و لە دەستی CDU دا نییە، ئێستا ئێمە لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین پارتی یەکەمین، ئەوە کێشەیەکی گەورە بوو، هۆکارێک بوو بۆ سەرکەوتنی ئێمە، خەڵک بێزارببوو، زۆربەی جار دوای چەندین داواکاری و حەوت بۆ هەشت هەفتە ئینجا بەڕێوەبەرایەتی بیانانییەکان وەڵامی خەڵکیان دەدایەوە، جگە لەمەش شەش مانگی پێدەچوو تاوەکو وەڵامی کۆتایی کەیسێکیان دەدایەوە، ئەمە کێشەیەکی مەزنبوو لەو هەرێمە، بۆیە من خۆم لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی زۆر وردم کرد و تێگەیەشتم چ نەگبەتییەکە، بڕیارمداوە یەکەم کارم بۆ هەرێمەکە چاکردن و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بێت، چونکە تاوەکو ئێستاش خەڵک پەیوەندیم پێوەدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کەیسی لەو جۆرە، بەڵام وەک گوتم تاوەکو ئێستا شارەوانی لە دەستی ئێمەدا نییە، بەڵام لەنێو هۆڵی پەرلەمان بە جیددی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە دەکەم.
رووداو: میدیای ئەڵمانی لە تەلەڤزیۆن و رۆژنامەکاندا هەموویان بڵاویانکردەوە کوردێک لە CDU لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین سەرکەوتووبوو، بۆچی ئەم هەواڵە ئەوەندە گرنگ بوو؟
سەیران پاپۆ: لەبەر ئەوەی کاتێک من بەربژێرکرام، بروام وابوو دەتوانم راستەوخۆ سەربکەوم و پارتەکەشم براوە دەبێت، ئێمە لە کۆی 34 بەربژێری سەرکەوتوو، 32 بەربژێر بە راستەوخۆ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، کە یەکێکیان من بووم، هەروەها دوو پەرلەمانتاریش لەنێو لیستی حیزبدا سەرکەوتن، تەنانەت لەنێو گاردندا، ئەمە یەکەمجارە ئەمە رووبدات، چونکە هەمیشە پارتی SPD زۆرترینی بەدەستدەهێنا و بەربژێرەکانیان راستەوخۆ سەردەکەوتن، بەڵام ئەمجارە بۆیەکەمجار بەربژێرانی پارتی CDU بەمنیشەوە راستەوخۆ سەرکەوتین بەسەر پارتی SPD دا، دووەمیش ئەوەی گرنگ بوو و بەتایبەتی لەلایەن میدیاکانەوە ئەوە بوو کە رکابەری من سەرۆکی پارتی SPD لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین بوو، کە دەنگدەرێکی زۆری هەبوو، تەنانەت لەنێو بەرلینیشدا پشتیوانی زۆری هەبوو و خاوەن دەسەڵات بوو، بەڵام من بەسەریدا سەرکەوتم، هەرچەندە من بڕوای تەواوم بە خۆم هەبوو بەسەریدا سەرکەوم، چونکە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کاری زۆر باشمان کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی گاردن پشتیوانی تەواوی منیان کرد و سوپاسیان دەکەم.
رووداو: کوردانی نیشتەجێی هەرێمەکە کاریگەرییان هەبوو لەسەر سەرکەوتنەکەت؟
سەیران پاپۆ: بەڵێ، لەبەر ئەوەی پشتیوانییەکی زۆریان کردم، چونکە لە سەرەتادا من گوتم کوردم و دەمەوێ وەکو کوردێک سەربکەوم، دەمگوت دەمەوێ بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەربکەوم، هەرچەندە پێیان دەگوتم سەرکەوتنت بەشێوەی راستەوخۆ زەحمەتە، بەڵام ئیتر بردمەوە و لێرەوە زۆر سوپاسیان دەکەم و هەوڵی زۆریان بۆدام و ئامانجەکەشمان پێکا، جا جیاوازییەکەش جگە لەوەی بە شێوەی راستەوخۆ بەسەر رکابەرە بەهێزەکەم سەرکەوتم، بەڵام سەرکەوتنەکە بە جیاوازییەکی زۆر بوو، واتە بە ژمارەیەکی زۆرەوەبوو، ئەمەش بە پشتیوانی کوردانی نیشتەجێی هەرێمەکەمان بوو، بۆیە سوپاسگوزارییانم.
رووداو: لەنێو چەپەکاندا زۆرجار پەرلەمانتارمان بینیوە و کەسانی کاریگەربوون، لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و هەروەها لە پەرلەمانی ئەوروپادا، بەڵام کاتێک کریستیان دیموکرات و کوردیان تێدابن شتێکی نوێیە، ئایە شتێکی نوێ یان گۆرانکارییەک دروستبووە لەنێو سیاسەتی کریستیان دیموکراتەکاندا بەتایبەت بەرامبەر کوردان، بۆئەوەی زیاتر لەنێو کریستیان دیموکراتەکاندا دەربکەون و ببنە کەسانی کاریگەر؟
سەیران پاپۆ: ئەگەر لەمن بپرسی هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ئێمەی کورد تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە شوێنی خۆمان لەنێو پارتی کریستیان دیموکراتەکان بکەینەوە و پێویستە لەمەودوا ئێمەی کورد بچینە نێو ئەو پارتە و دەنگی خۆمان بەرزبکەینەوە، پارتی CDU لەم هەرێمەدا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەرامبەر بیانییەکاندا سیاسەتی خۆی گۆڕی و خۆی نوێکردەوە و دەرفەتی گەورەی بە بیانییەکاندا و خەڵکەکەش ئەمەی بینی، هەروەها لە کاتی شەڕی دژی داعشدا پارتی CDU تاکە پارت بوو پشتیوانی کوردی کرد بە هەموو شێوەیەک، جگە لەم هێڵە لەچەندین هێڵی دیکەش پارتەکەمان کاری بۆکردین، بۆیە بەڕای من پێویستە گەنج و لاوەکانمان بچنە نێو پارتە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی CDU.
رووداو: ئێستا فراکسیۆنەکەی ئێوە لەنێو پەرلەماندا زۆر گەورە بووە و پێویستیتان بە زۆر پارتی دیکە نییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئەم هەرێمە، بەبینینی ئێوە حکومەتی داهاتوو چۆن دەبێت؟
سەیران پاپۆ: ئێستا ئێمە 34 پەرلەمانتارین، واتە فراکسیۆنەکەمان 34 پەرلەمانتارن، ئێستا کارەکە وەکو جاران قورس نییە، ئەگەر تەنیا یەک پەرلەمانتارمان زیاتر هەبووایە، دەمانتوانی بەتەنیا حکومەت پێکبهێنین، بەڵام ئەمەیان باشترە لەلایەنی دیموکراسییەوە حکومەت بەتەنیا لەلایەن یەک پارتەوە پێکنەهێندرێت، بەڵکو بە هاوبەشی لەگەڵ پارتەکانی دیکە باشترە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو CUD لەگەڵ FTP و گرووندا هاوپەیمانیمان هەبوو و تێیدا سەرکەوتووبووین و دوای ئەنجامەکان دەمانتوانی لەگەڵ هەر پارتییەک بمانەوێت حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام وەک ئاماژەم پێدا لە پێنج ساڵی رابردوودا هاوپەیمانییەتیێکمان هەبوو پێکەوە کاری باشمان کردووە و کەسی زیرەک و لێهاتوویان تێدابوون و دەمانویست ئەو هاوپەیمانیەتییە بەردەوام بێت و پێکەوە حکومەت دروستبکەین و ئێمە بیرمان تەنیا لە بەرژەوەندی پارتەکەمان نەکردەوە، چونکە بەشداربوونی دوو پارتی دیکە لە کورسییەکانی ئێمە لە کابینەی حکومەت کەمیدەکردەوە، بەڵام گوێمان پێنەدا و پێمانوابوو بەرژەوەندی و کارکردنی پێکەوەیی گرنگترە، بۆ ئەو مەبەستە دانوستاندنمان لەگەڵ هەردو وپارتەکەدا کرد، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو دوو پارتە لەگەڵ یەک ناکۆکیان هەبوو، ئێستا لەگەڵ پارتی سەوز لە دانوستاندنداین و گفتوگۆکانی پێهێنانی حکومەت چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.
رووداو: ئێستا گوێ لە کوردییە شیرینەکەت دەگرم و دەڵێم خاتوو سەیران پاپۆ هەر لە کوردستان بووە، ئایە سەردانی کوردستانت کردووە، بەتایبەت باشووری کوردستانت بینیوە؟
سەیران پاپۆ: من هەمیشە سەردانی کوردستان دەکەم، من جزیریم و لەوێش لەدایکبووم، لە نێو ماڵی ئێمەدا هەمیشە بە کوردی قسەدەکەین و هەرچەندە چەند ساڵێکە نەچوومەتە کوردستان، بەڵام هیوادارم بەمنزیکانە سەردانی کوردستان بکەم، هەرچەندە من لێرەم و لێرە دەژیم، بەڵام هەمیشە دڵمان لە کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ