لە رۆژانی قەدەخەی راودا 65 راوچیی ماسی دەستگیرکراون

28-05-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی دارستانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ 65 سەرپێچیکاری راوی ماسی دەستگیرکراون. گوتەبێژەکەشیان دەڵێت، "سزای سەرپێچیکار لە سزای راوچی سووکترە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، فوئاد ئەحمەد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ دەستپێكردنی قەدەخەی راوەماسی لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەک سەرپێچیکاری نەناسراو لە ناوچە جیاجیاكان، بەهۆی راوی نایاسایی دەستگیركراون."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، ئەم ساڵ دەستبەسەر کۆمەڵێک تۆڕ، قولاب، ماتۆڕ و بەلەمدا گیراون و  65 سەرپێچیکاریش دەستگیرکراون، کە ئەو کەسانەن دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ ماسیگرتن، چونکە راوچییەکان ناویان تۆمارکراوە و ناسراون؛ ئەوان لە کاتی قەدەخە راو ناکەن. 
 
فوئاد ئەحمەد زراری روونیکردەوە، "نەبوونی رێکخراوێک یان کۆمەڵەی ماسیگران کێشەیە و خەریکە بەرنامەیەک بۆ دروستکردنی رێکخراوێک دادەنرێت. ئەمەیش بۆ ئەوەیە تاوەکو ناوی راوچییان هەبێت و ناسراو بن."
 
لەبارەی سەرپێچیکارانیشەوە گوتی: "هەموو ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن، پەڕاوی یاساییان بۆ دەکرێتەوە و دەدرێنە دادگە؛ سزاكانیش بەگوێرەی جۆری سەرپێچیەكە دەبێت."
 
گوتیشی: "نەبوونی دادوەرێکی تایبەتمەند بە ژینگە بۆشایی یاسایی دروست کردووە؛ کەیس هەیە بە شەش مانگ یەکلایی دەکرێتەوە و کەیسیش هەیە دوو ساڵ دەخایێنێت."
 
لەبارەی سزای سەرپێچیکار و راوچییانەوە، فوئاد ئەحمەد زراری دەڵێت، "سزای سەرپێچیکار ئەگەر یەکەمجاری بێت سووکە؛ بەڵام راوچی ئەگەر لە کاتی قەدەخەی راودا سەرپێچی بکات، سزاکەی تووندترە لە کەسێک کە وەک راوچییەکە ئاگای لە قەدەخەکردنەکە نییە."
 
بە گوێرەی گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، "ساڵانە بەپێی کەشوهەوا بڕیاری قەدەخەکردنی راوی ماسی لە هەرێمی کوردستان دەدرێت؛ پار لە یەکی ئادارەوە تاوەکو 15ـی حوزەیران قەدەخەی راوی ماسی بوو، بەڵام ئەم ساڵ راوی ماسی لە 31ـی ئادارەوە تاوەکو 20ـی 6ـی 2025 قەدەخەیە؛ چونکە گەرا پێویستی بە سێ مانگە بۆ ئەوەی ببێتە ماسی."
 
بە گوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆربەشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە