رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە کەرکووک بە دوو شێواز بەشدار دەبێت، کە ئەوانیش لیستى جیاواز و بەربژێرى سەربەخۆن.
شێوازى بەشداریکردنى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە کەرکووک لە کۆبوونەوەى 26ى ئایارى ئەو هاوپەیمانێتیە بڕیارى لێدراوە کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن.
بڕیارەکە وایە کە ئەو هاوپەیمانێتییە لە دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین بە یەک لیست بەشداری بکات، بەڵام بۆ کەرکووک بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنە بە فرەلیست دەبێت.
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە رووداوى گوت، "بڕیاری چوارچێوەى هاوئاهەنگى وایە کە بە چەند لیستێک لە کەرکووک بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکات، کە دەکرێت بگاتە سێ لیست."
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ساڵى 2023 دیارترین لیستى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى (کەرکوکنا) بوو کە 22 هەزار و 701 دەنگى بەدەستهێنا، بێ ئەوەى ببێتە خاوەنى کورسى لە ئەنجوومەنى پارێزگاکە.
بە گوتەی رەحیم عەبوودی، شێوازێکى دیکە ئەوەیە کە هەندێک لەلایەنەکان لیستى سێبەریان لە کەرکووک دەبێت یان پاڵپشتى بەربژێرێک دەکەن کە ئەگەرى دەرچوونى هەبێت.
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان کە بڕیارە لە لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 بکرێت، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە 18 بازنە؛ هەر لیست و هاوپەیمانێتییەک مافی هەیە کە دوو هێندەی ژمارەى کورسیى بازنەکەى بەربژێر لە لیستەکەیدا دابنێت.
محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى رێکخراوى بەدر کە پێکهێنەرێکى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بە رووداوى راگەیاند، "لە کەرکووک لیستێک دەبێت کە 80%ى پێکهێنەرانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى تێیدا بەشدار دەبن بەناوى بەرەى ئینقازى تورکمان."
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراق، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى تەنیا یەک بەربژێرى لە کەرکووک دەرچوو کە غەرەیب عەسکەر بوو لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى تورکمانى.
محەممەد بەیاتى گوتى، "هەندێک لە لایەنەکانى چوارچێوەى ئاهەنگى لە کەرکووک بە بەربژێرى سەربەخۆ بەشدارى لە هەڵبژاردن دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ