تاقیكردنەوەی پەیمانگە حكومی و ناحكومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستیپێكرد

28-06-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن تاقیکردنەوەکان پەیمانگە
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندکارانی قۆناخی پێنجەمی پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی 2020/07/15  دەخایەنێت.
 
مامۆستا مزەفەر مستەفا ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەكان و مەشقکردنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/06/28 لە هەرێمی کوردستان تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی پێنجەمی پەیمانگە حكومی و ناحكومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستیپێکرد".
 
 
لە ھەرێمی كوردستان 30 پەیمانگەی حكومی و 63 پەیمانگەی ناحكومی ھەن، بەڵام لە پەیمانگە ناحکومییەکان تەنیا 47 پەیمانگە پۆلی پێنجەمیان هەیە و بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەكان ئاماژەی بەوە دا، "1170 خوێندکاری پەیمانگە حکومییەکان، 2056 خوێندکاری پەیمانگە ناحکومیەکان و نزیکەی 2000 خوێندکاریش کە پەڕینەوەیان لە پۆلەکانی دوو تاوەکو پێنج هەیە بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن".
 
مزەفەر مستەفا باس لەوە دەکات، "تاقیکردنەوەی پەیمانگە حکومەییەکان کاژێر 10:00ی بەیانی دەستپێدەکات و پەیمانگە ناحکومییەکانیش کاژێر 03:00ـی دواینیوەڕۆ دەبێت کە بەشەکانی کۆمپیوتەر، وەرزش، هونەر، نەوت، ژمێریاری و کارگێڕین".
 
بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە دەبێت خوێندکاران رێنماییە تەندروستییەکانی وەکو دەمامک و دەستکێش بەتەواوی بەکاربهێنن و هەر خوێندکارێک پابەند نەبێت رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو تاقیکردنەوەکان و هەر پۆلێکیش شەش تا هەشت خوێندکاری تێدا دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە