نوێنەری سکاڵاکارانی دژ بە سلێمان هەڵشۆیی: مۆڵەتی یەک هەفتەی پێ دەدەین

28-06-2022
پێشەوا بەختیار
 سلێمان هەڵشۆیی
سلێمان هەڵشۆیی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سلێمان محەممەد، ئەوەی چەند ساڵە بەکارکردن بە گەڵابەکەی پەیدایکردبوو بە نیەتی زۆرتربوونی، دوو ساڵ لەمەوبەر هەمووی بە سلێمان هەڵشۆیدا، بەڵام دوای ئازادکردنیشی هەر چارەنووسی پارەکانی نادیارە ئەوە چیرۆکی لەدەستدانی پارەکانی سلێمان محەممەد و زیاتر لە هەزار کەسی هاوشێوەیەتی.
 
سلێمان محەممەد، سکاڵاکارە و دەڵێت: "خۆم و براکانم زیاتر لە 30 دەفتەر دۆلارمان لەدەستداوە و هەر ئێمەنا خەڵکی پشدەر، هەمووی تێوەگلاوە ئەتوانم بڵێم 80%یانن، داوا دەکەین هەقی خۆمان پێبدرێتەوە." 
 
محەممەد یەکێکی دیکەیە لە سکاڵاکارەکانی دژ بە سلێمان هەڵشۆیی و 26 تۆمەتباری دیکە کە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە، ئەوەی سکاڵاکارەکانی دڵگران و بێ هیوا کردووە بێدەنگی و نەبوونی وەڵامە لەلایەن تۆمەتبار و بنەماڵەکانیانەوە.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، نوێنەری سکاڵاکارانە و گوتی، "ئێمە وەکو نوێنەری ماف خوراوان مۆڵەتی یەک هەفتە دەدەین و داوا دەکەین سلێمان ئەو پارانەی لایەتی بیگەڕێنتەوە چونکە خۆی دەزانێت لە کوێیە و چی لێهاتووە گەرنا خۆی بەرپرسە لە هەرشتێک کە روو بدات، خۆی و خێزانەکەی بەرپرسن لە هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کە رووبدات."  
 
شوێنی هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا نادیارە، کەسوکارەکەی دەڵێن، لەبەر پاراستنی ژیانی و پشوودان تاوەکو ئێستا سلێمان هەڵشۆیی خاوەن قەرزەکانی نەبینووە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوو پێشوازی لە میوانەکانی دەکات. 
 
بەکر هەڵشۆیی، ئامۆزای سلێمان هەڵشۆیی دەڵێت، "ئەو خەڵکە هەمووی سکاڵای تۆمارکردووە و ئەوەی سەروەت و ماڵی سلێمانە لەلای دادگایە و ئەوان هەقی خۆیان دەدەنەوە بە سکاڵاکاران و هەقی کەس نافەوتێت، دوو سێ رۆژی دیکە دوای پشوودانی سلێمان لە خزمەتی ئەو خەڵکەدایە."         
 
پۆلیسی راپەڕین لەسەر هەمان کێشە و سکاڵای زیاتر لە هەزار کەس، 93 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، دوای لێکۆڵینەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگە 66یان ئازادکردوون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەیان داخراوە. 
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، "لە بەرواری 26-6-2022 بە بڕیاری دادوەر و کەفالەتی 155 ملیۆن دینار سلێمان هەڵشۆیی ئازادکراوە کە حەوت کەس بوون بە کەفیلی. دۆسییەی خۆی و 26 تۆمەتباری دیکە لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و دانەخراوە." 
 
سلێمان هەڵشۆیی وەکو بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و کۆتایی ساڵی 2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند. دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و دەستبەسەر کرا، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس کە لە سکاڵاکارەکانی وەرگرتوە، زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلاری سکاڵاکارەکان لای تۆمەتبارەکانن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە