رووداو - هەولێر
بەیانیی ئەمڕۆ دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر کوژران و پاسەوانێکیش بریندارکرا. بکوژەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکان دەڵێت: "بکوژەکە کێشەی لەگەڵ مندا هەبووە و لێی خۆشبووم، بەڵام کۆڵیان نەداوە و بەردەوامبوون لەسەر هەڕەشەکرد تاوەکو بە ئێستایان گەیاندین." برایەکی بکوژەکەش دەڵێت: "براکەم نەخۆشیی دەروونی هەبووە و بە بڕیاری دادگەش رازین هەرچییەک بێت".
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2022، "بکوژێک" د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندارکرد، دوای ئەوە، هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و، لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
کێشەی خوێندکارەکە چی بووە؟
بەرنامەی ئەمڕۆ سێشەممەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تایبەت بوو بە وردەکارییەکانی کوژرانی ئەو دوو مامۆستایە.
پارێزەر محەممەد فەقێ، بەشداریی لە بەرنامەی بەرپرسیاردا کرد و لەبارەی کێشەی تۆمەتبارەکە "ئـاراس مەهدی" قسەیکرد و ئاماژەی بەوە کرد، "رۆژێک سەردانی دادگەم کرد، بینیم مامۆستاکان لەوێن و سڵاوم لێکردن. دوای کەمێک مامۆستاکان و تۆمەتبار بانگکران بۆ بەردەم دادوەر، سەرەتا د. نیشتمان [ئەو مامۆستایەی گرفتی لەگەڵ تۆمەتبارەکە هەبووە لە زانکۆی سۆران و هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکان] قسەیکرد و گوتی: بۆ ئەوە هاتووین سکاڵاکەمان بکشێنینەوە، بەڵام کە سکاڵالێکراو جنێوی دا و قسەی نەشیاوی کرد، ئەویش لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە."
ئەو پارێزەرە دەڵێت، د. نیشتمان پێی گوتووە، "لەکاتی تاقیکردنەوە پرسیارم لە بکوژەکە کردووە و گوتوومە رۆڵەکەم چۆن وەڵامت دامەوە؟ ئەویش بە تووڕەییەوە چووەتە دەرەوە و هیچ وەڵامی نەداومەتەوە".
د. نیشتمان بە محەممەد فەقێی گوتووە، "لەناو پۆل و بە بەرچاوی قوتابییەکانەوە زۆر بە رقەوە تەماشای کردووم و وێنەی چاپکردووم و قسەی نەشیاوی لەسەر نووسیوە".
ئەمانە بوونەتە سەرەتای دروستبوونی کێشە لەنێوان د. نیشتمان و تۆمەتبارەکەدا، بەڵام برایەکی تۆمەتبارەکە دەڵێت: "ئەگەر راستە و د. نیشتمان لێمان خۆشبووە، بۆچی کێشەکە سێ ساڵە بەردەوامە؟".
دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2019-2020، قوتابییەکە داوای گواستنەوەی کردووە، بەڵام کە زانراوە کێشەی هەیە، فەرمانەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە و زانکۆی سۆرانیش ئامادەنەبووە وەریبگرێتەوە."
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، دوو ساڵ کێشەی بکوژەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بەڵام دواتر هەردوو زانکۆ لە ساڵی 2022 رازیبوون بەوەی وەریبگرنەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردوون.
د. قاسم مەهدی، برای تۆمەتبارەکە بەشداریی لە بەرنامەی بەرپرسیاردا کرد و گوتی: "سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکە لەگەڵ مامۆستا نیشتمان بووە، لەگەڵ راگری کۆلێژ داوامانکرد بە رێگەی یاسایی چارەسەربکرێت، بەڵام د. نیشتمان ئامادە نەبوو دابنیشێت و کێشەکە چارەسەر بکات، ئێمەش هەمیشە لەگەڵ راگری کۆلێژەکە یان جێگرەکەی قسەمان دەکرد".
د. قاسم مەهدی دەڵێت، "کە زانیمان د. نیشتمان لێی خۆشنابێ، داوای گواستنەوەمان کرد، چونکە زانیمان براکەم راناوەستێ، بۆیە ئەوە چارەسەرێکی باشبوو". ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشتر زانیمان کێشەکە زۆر گەورەیە، هەوڵی چارەسەرماندا، بەڵام د. نیشتمان نەیویست کێشەکە بە یاسایی و عەشایەری چارەسەر بکرێت، ئەمەش بۆ خوێندکارێک کە 85ی هێناوە و سێ ساڵی خایاندووە، بووەتە گرێی دەروونی."
د. نیشتمان: دوای ئەوەی لێی خۆشبووم، باوکی هەڕەشەی لێکردم
د. نیشتمان، مامۆستا لە زانکۆی سۆران و هاوژنی د. ئیدریس عیزەت، کە بە دەستی ئەو خوێندکارە کوژرا، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من لێی خۆشبووم و کردمە قوربانی پێڵاوەکانی باوکی، کەچی باوکیشی لەبەردەم دادوەردا هەڕەشەی لێکردم و گوتی: نیشتمان ئەمەت بەسەرەوە ناچێ. من پێشمەرگەم، برام کوژراوە، با منیش بکوژرێم. دیاربوو پلانیان دانابوو، بەخوا تاکە گوناهی من ئەوەبوو".
بەڵام برای بکوژەکە دەڵێت، "ئەگەر لە براکەم خۆشبوون، ئەم کێشەیە بۆ سێ ساڵە چارەسەر نەبووە؟ دەڵێن: وەرگیراوەتەوە، ئەی بۆچی هیچ نووسراوێکی وەرگرتنەوەی بۆ نەهاتووە؟"
دەگوترا، د. کاوان بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی خێزانی لەگەڵ ماڵبانی د. نیشتمان و د. ئیدریس هەبووە، خوێندکارەکەی زانکۆی سۆرانی وەرنەگرتووە، بەڵام سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بوونی پەیوەندیی لەنێوان ئەو دوو دکتۆرە نەبووە، د. کاوان تەنیا لەبەرئەوە وەرینەگرتووە کە زانیویەتی ئەو قوتابییە سەر بە کێشەیە.
پارێزەر محەممەد فەقێ دەڵێت، "د. نیشتمان بۆ ئەوە چووبووە دادگە سکاڵاکەی بکشێنێتەوە، بەڵام هەڵسوکەوتی ناشرینی بەرامبەر کردبوو، ئەویش گوتبووی داوای ئیدانەکردنی دەکەم و تا مردن هەرشتێک بەسەر من و خێزانەکەمدا بێت ئاراس لێی بەرپرسیارە".
خوێندکارەکە چۆن هەردوو دکتۆرەکەی کوشت؟
فازڵ تۆفیق، دراوسێی د. ئیدریس عیزەت لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "بەیانی نووستبووم بە دەنگی گولـلە بە ئاگا هاتم، زیاتر لە پێنج گولـلە تەقێنرا، دەنگی گولـلەکان زۆر نزیکبوون، پەنجەرەم کردەوە دۆخەکە ئاسایی بوو، بەڵام دڵم ئاسوودە نەبوو، دراوسێیەکمان گوتی دەنگەکە لە ماڵی د. ئیدریس بووە، منیش تەلەفۆنم بۆ کرد، بەڵام وەڵامی نەدامەوە، دەرگەکەشیان کرابووەوە. دواتر تەلەفۆنم بۆ خێزانەکەی کرد، ئەو گوتی لە ماڵەوە نیم و منداڵەکانیشم لە خوێندنن، چەند بانگمان کرد، دکتۆر وەڵامی نەبوو، بۆیە بە پۆلیسمان گوت. ئەوانیش گوتیان مەچنە ژوورەوە تا ئێمە دێین".
فازڵ تۆفیق زیاتر گوتی: "کە چووینە ژوورەوە، هیچ شتێک دیار نەبوو، تەنیا یەک فیشەکی نەتەقێنراومان بینی، لەگەڵ پۆلیس گومانمان کرد کە رفێندرابێ، بەڵام کاتێک سەیری کامێرای چاودێریمان کرد، یەکێک لە پۆلیسەکان گوتی تەرمەکەی لەسەربان کەوتووە، کە چووینە سەرەوە بینیمان، دکتۆر لە ترسی بکوژەکە هەڵاتبووە سەربانی ئێمە".
هاوکات دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە رووداوی گوت: "کاژێر 8:22 لە لایەن بەرپرسی کارگێڕیی کۆلێژی یاسا ئاگادارکرامەوە کە تەقە لە د. کاوان کراوە و ئەوەندەی ئێمە بزانین بکوژەکە قوتابیی زانکۆی سۆرانە."
لەبارەی چۆنێتیی چوونی بکوژەکە بۆ نێو زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کامەران یونس گوتی: "لەپشتەوە بەسەر دیواردا چووتە ژوورەوە و لەناو دارەکاندا خۆی حەشارداوە، دکتۆر کاوان هەمیشە زووتر لەکاتی خۆی دەهات بۆ دەوام، بەیانی زوو کە دکتۆر دەرگەی کردووەتەوە، بکوژەکە گولـلەیەکی لە سەری داوە، پاسەوانیکی مەدەنیمان لەوێ بووە، گولـلەیەکی لە زکی ئەویش داوە و برینداری کردووە".
سەرۆکی زانکۆکە دەشڵێت: "هەر کەسێک تایبەتمەندبێت لە ناسینەوەی تاوان، ئەوە دەزانێت کە ئەم تاوانە پیلان بۆ داڕێژراوە و ناکرێ لەخەو هەستابێت و بڕیاری ئەو تاوانەی دابێت. بێگومان پێشتر چاودێریی ماڵی کوژراوەکان و کاتی دەوامیشی کردوون."
د. فازڵ تۆفیق، دراوسێی د. ئیدریس هەروەها باسی لەوەش کرد، "پێشتر دکتۆر باسی ئەو بابەتەی بۆ نەکردووم، پێشتریش رووداوی لەو جۆرە لەم گەڕەکە رووینەداوە، بەڵام دزی زۆر کراوە، ئێمە داوای پەرژینمان کردووە بۆ گەڕەکەکەمان بۆ ئەوەی پارێزراوبین لە دز و کەسانی تاوانکار، بەڵام بۆمان نەکراوە".
دکتۆر کامەران یونسیش ئاماژە بەوەش دەکات: "زانکۆ پیرۆزە، ئەوانەی لەوێ دەوام دەکەن دەیان ساڵ خوێندوویانە و مامۆستان یان خوێندکارن، ناکرێ تێل لەسەر دیوار دابنێین، دەبێ دیاردەی چەکداری و چەکهەڵگرتن بنبڕبکرێت".
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: بۆ خوانی نیوەڕۆ میوانی د. کاوان دەبووین
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین گوتی: "دوێنێ شەو لەگەڵ د. کاوان قسەم کرد، بڕیاربوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی زانکۆ داوەت بکات بەبۆنەی ئەوەی بووەتە پرۆفیسۆر و ئەوەشمان بڵاوکردەوە کە دوای کۆبوونەوەکە بۆ نانخواردن میوانی د. کاوان دەبین، بەڵام ئەم تاوانە هەموو شتێکی تێکدا".
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "چەکی بێمۆڵەت نەمێنێت، ئێمەش ناچاردەبین لە دەروازەی زانکۆ پشکنین تووند بکەین، سی ساڵە من مامۆستای زانکۆم، کارەساتی هاوشێوە رووینەداوە."
بکوژەکە نەخۆشی دەروونیی هەبووە؟
قاسم مەهدی، برای تۆمەتبارەکە دەڵێت: "ئێمە لە سەرووی یاساوە نین، ئەوەی براکەم کردوویەتی کارێکی قێزەون و هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵام ئێمە نووسراوی دکتۆرمان هەیە کە لە 2020 دەڵێت: تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. هۆکارەکەش ئەو بڕیارەی د.نیشتمانە".
قاسم مەهدی زیاتر گوتی: "ئێمە حەزماندەکرد براکەم لەو ناوەند ئەکادیمییە دەربچێت نەک ببێتە بکوژ، کاتێکیش لە دەرەوەی وڵات گەڕامەوە، بە باوکمم گوت: براکەم تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. بردیشمان بۆ لای دکتۆر و چارەسەرمان بۆی وەرگرت، بەڵام سوودێکی وای لێ نەبینی."
قاسم مەهدی زیاتر باسی لەوەش کرد "ئەمڕۆ دوایین دانیشتنی دادگەییکردنی براکەم بوو، بەڵام بە هەواڵی ئەو رووداوە خەبەرمان بووەوە و من لەڕێگەی رووداوەوە زانیم".
برای بکوژەکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە براکەی نەخۆشیی دەروونی هەیە زیاتر دەڵێت: "براکەم هێرشیکردووەتە سەر ئێمە و دوو جار لەخۆشمی داوە، تەنانەت ددانێکمی شکاندووم. سەرەڕای ئەوەش رێگەمان پێنەدەدا بچێتە دەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ دانیشتنی دادگەی هەبووە، پێشتر چەکی کڕیوە و ئەمڕۆ چووەتە دەرەوە. پارەی هەبووە و نازانین چۆن چەکی کڕیوە".
ئاماژە بەوەش دەکات کە، تاوەکو ئێستاش باوکی لە شۆکدایە و قسە ناکات، "پەیامنێرەکانیش بینیویانە و دەزانن کە ناتوانێت قسە بکات، چونکە ئەوەی روویداوە چاوەڕواننەکراوبووە. ئەو قسەیەشی کە کردوویەتی، داوای لێبوورن بووە."
پارێزەر محەممەد فەقێ هەروەها دەڵێت: "دادوەر بڕیاریداوە تۆمەتبار بنێرنە لای پزیشک بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی نەخۆشیی دەروونی هەیە یان نا، ئەگەر نەخۆشە بۆچی خۆی نەکوشتووە؟ یان کەسێکی دیکەی خێزانەکەی نەکوشتووە؟".
زانکۆی سەلاحەدین: تەندروستیی بریندارەکە باشە
سەبارەت بە تەندروستیی ئەو کەسەی لە زانکۆی سەڵاحەددین برینداربوو، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی لە رووداوەکەی ئەمڕۆ بریندارببوو، ئێستا تەندروستی باشە و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێرییدایە."
ئەو کەسەی ئەمڕۆ برینداربووە ناوی "عادل عەزیز عومەر"ـە و پاسەوانی مەدەنی بووە لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەددین.
چەند بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دوای کوژرانی دوو مامۆستاکە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان دوای کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرجەم چالاکییە زانستییەکان، مەراسیم، بۆنە و ئاهەنگەکانی دەرچوون رادەگرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 28-06-2022، دوای کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بڕیاریانداوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاڵای وەزارەتەکەیان و زانکۆکان و دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ماوەى سێ رۆژ دابگرن. هەروەها سەرجەم چالاکییە زانستییەکان، مەراسیم، بۆنە و ئاهەنگەکانی دەرچوون بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێت.
سەرۆک بارزانی: داوا دەكەم تاوانبار سزای یاسایی وەربگرێت
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەی ئەو دوو مامۆستایەی زانکۆ، داواش لە "لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم تاوانبار سزای یاسایی تاوانەكەی وەربگرێت و، هەروەها رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی تاوان و ناهەقیی لەم شێوەیە چیتر دووبارە نەبنەوە."
نێچیرڤان بارزانی: دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین قوربانیی تاوانێکی دڕندانەی دڵتەزێنن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رووداوی کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوپەڕی نیگەرانی و خەمباریی قووڵم بە شەهیدبوون و لەدەستدانی د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان دەردەبڕم کە ئهمڕۆ بوونە قوربانیی تاوانێکی دڕندانەی دڵتهزێن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکار و بنەماڵەی دوو مامۆستاکە کردووە و دەڵێت، "هاوسۆز و هاوبەشی خەمیانم. له خوای مهزن داواکارم گیانیان بخاتە بەر بهزیی و میهرهبانیی خۆی و سهبووری به خانهواده و کهسوکاریان ببهخشێت."

مەسرور بارزانی: لەدەستدانی مامۆستاکانی زانکۆی سەلاحەدین کارەساتێکی دڵتەزێنە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا لەبارەی کوژرانی ئەو دوو مامۆستایەوە رایگەیاند، "زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان. لەدەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە، کارەساتێکی دڵتەزێنە. پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکانیان و لە خۆمانیش دەکەم و هاوبەشی خەمیانم."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان، توانییان لە ماوەیەکی کەمدا، تاوانبار دەستگیربکەن و رادەستی یاسای بکەن، بۆئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان، "هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەکاران لە هەر پلە و ئاستێکدا بن."
قوباد تاڵەبانی: دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان بدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى چەکداری
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بڵاوکردەوە و گوتی، "رووداوێکی دڵتەزێنە" و "دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان بدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى چەکداری."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەیانی ئەمڕۆ هەواڵى رووداوێکی دڵتەزێن رایچڵەکاندین، کە بەداخەوە هەواڵى شەهیدبوونی هەردوو مامۆستاى زانکۆ د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمە خانی بوو."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو كردەوەیەی کردووە و دەستخۆشیى لە هێزە ئەمنییەکانیش کردووە کە توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکەن و "رووبەرووى یاساى بکەنەوە تاوەکو بەسزاى خۆی بگات،" جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "دەبێت ئەوپەڕى هەوڵى خۆمان بدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى چەکداری و هەر جۆرێک لە جۆرەکانی تووندوتیژی."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەى خێزان و بنەماڵەی هەردوو مامۆستاکە کردووە.
یەکێتیی مامۆستایان: ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە 1991ـەوە وێنەی نەبووە
رۆژی سێشەممە، 28-06-2022، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دوای ساڵی 1991ـەوە رووداوی لەمجۆرە لە بواری پەروەردە رووینەداوە؛ راستە رووداوی پەلاماردان و لێدان هەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە کوشتن".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "لەوە خراپتر ئەوەیە، کۆمەڵێک خەڵک هەن بیانوو بۆ رووداوەکە دەهێننەوە و دەڵێن تۆمەتبارەکە 'نەخۆشی دەروونی هەیە' یان 'هۆکارەکەی وەرنەگرتنی ئەو قوتابییەیە لە زانکۆ".
ئەحمەد گەرمیانی داوای لە دادگە کرد کە "بیانووهێنانەوە بۆ رووداوەکە قبووڵ نەکات" و داوایشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە "چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە نەکەن کە پاساو بۆ رووداوەکە دەهێننەوە".

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، راگەێیندراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی لەبارەی کوژرانی دوو مامۆستاکەی هەولێر خوێندەوە.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کوژرانی مامۆستا بە "لەگۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵا" ناودەبات و دەڵێت: "مامۆستایان لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و پەروەردەییەکان رووبەڕووی هەڕەشە و تووندوتیژی دەبنەوە".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "پێش سێ ساڵ پڕۆژە یاسایەکمان پێشکێشی پەرلەمان کرد کە لە نۆ ماددە پێکهاتبوو بۆ پارێزبەندی مامۆستایان، بەڵام بەداخەوە نەیانکرد و رەتیانکردەوە. ئەمەی ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو رەتکردنەوەیە".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت کە ئەوان ترسییان هەیە رووداوەکە "پەلبهاوێت و دووبارە و سێ بارە ببێتەوە".
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سێ خاڵی وەکو "داواکاری"ـی خستەڕوو، کە بریتین لە:
1- داوا لە پەرلەمان دەکەین چاو بە بڕیاری رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای پارێزبەندی مامۆستایاندا بخشێنێتەوە و پەسندی بکات.
2- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەخە بکات.
3- دادگەکان خاوبوونەوە لە کەیسەکانیان نەکەن، بە تووندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدەن کە هێرشدەکەنە سەر مامۆستایان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ