گرژی لەنێوان جەندرمە و گوندنشینان لە گوندێکی شرنەخی باکووری کوردستان دروست بوو

28-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەربازانی فەرماندەیی جەندرمەی تورکیا لە گوندێکی شرنەخی باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ. خەڵکی گوندەکە رێگرییان لێکردن و بەو هۆیەوە گرژی دروستبوو.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 27ی حوزەیرانی 2025 هێزێکی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە هەڵیکوتایە سەر گوندی ئارۆشی سەر بە قەزای قیلابانی شرنەخ، ویستیان بە بیانووی "قاچاخچێتی" پشکنین بۆ ماڵی هاووڵاتیان بکەن.
 
بەڵام خەڵکی گوندەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و رووبەڕوویان بوونەوە، بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵکی گوندەکە و هێزەکە دروستبوو.
 
بەشێک لە دیمەنی گرژییەکەی نێوان خەڵک و هێزەکە بۆ رووداو نێردراوە. یەکێک لە خەڵکی گوندەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر بردنی کاڵا و شتومەکە لە دەروازەی سنووریی سەرزێرێ. کاتێک ئەو کاڵایانە دەبەن لە ماڵەوە دایدەنێن، بۆیە سەربازەکان ویستوویانە هەڵبکوتنە سەر ماڵەکانیان.
 
گوندنشینان ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوان کاڵاکانیان بە شێوەیەکی یاسایی لە دەروازە سنوورییەکەوە دەبەن.
 
محەممەد زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شرنەخ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی گوندنشینانی بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتی دەربڕی.
 
ئیرمەز بە پارێزگای شرنەخ دەڵێت: "ئەم دیمەنانە لە گوندی ئارۆشی سەر بە قەزای قیلابان گیراون و بە دەستم گەیشتوون. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو گوندنشینانەی رۆژانە لە دەروازەی سنووریی سەرزێرێوە هاتووچۆ دەکەن. لە جوگرافیاکەماندا کە دارستانەکانی بڕاونەتەوە و بەهۆی ناوچەی ئەمنیی تایبەتـەوە ئاژەڵداری نەماوە، خەڵکی چاویان بڕیوەتە ئەو بازرگانییە بۆ ئەوەی لەم قەیرانە ئابوورییە رزگاریان بێت. ئێمە بەپەلە چاوەڕێی روونکردنەوەیەکین لە پارێزگای شرنەخەوە."
 
بەشێک لە گوندنشینان شەوی رابردوو بە رووداویان راگەیاند، دوای ناڕەزایەتییەکەیان، هێزەکە پاشەکشەیان کردووە و گوندەکەیان جێهێشتووە.
 
گوندی ئارۆش، نزیکەی نیو کاژێر لە دەروازەی سنووریی سەرزێرێ دوورە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.