رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، لە گوندی دێرانەی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بەنداوێک بە توانای گلدانەوەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 28-06-2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی کێشەی کەمئاوی رایگەیاند، ''گرفتی کەمئاوی و گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی جیهانییە کە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو قەیرانە.''
بەگوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی لە ئیدارەکە، پلانی کورتخایەن و درێژخایەنیان هەیە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردنی بەنداوەکان داوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوێکی زیاتر گلبدرێتەوە و لەکاتی پێویستدا بەکاربهێنرێت.''
وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی دا، لە سنووری ئیدارەکە زۆربەی سەرچاوەکانی ئاو نێوخۆیین، ''دەبێت هەوڵ بدەین زیاتر سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرین. لە ساڵانی رابردوودا بە دروستکردنی بەنداو وەک پلانێکی درێژخایەن، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی دراوە.''
هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی بەنداوێکی گەورە لە گوندی دێرانەی سەر بە قەزای مێرگەسۆر کرد و گوتی، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە داوە کە توانای گلدانەوەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دیزاینی بەنداوەکە تەواو بووە و ''لە بواری جوگرافییەوە شوێنێکی زۆر ستراتیژی هەیە، بە شێوەیەک کە بە دروستکردنی، تەواوی زەوییەکانی سنووری قەزای سۆران تاوەکو دەگاتەوە خوارووی خەلیفان دەبنە بەراو.''
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئێستا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر هێڵین و کار بۆ ئەوە دەکەین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
وەکو یەکێک لە پلانەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، لە زۆربەی پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پشتیان بە ئاوی سەرزەوی بەستووە. بەوەش دەتوانرێت زیاتر پارێزگاری لە ئاوی ژێرزەوی بکرێت.
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکە کە زۆرجار لەکاتی بارانباریندا لافاو دەیگرێتەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، ''هەبوونی لافاو لە زستاندا بە واتای ئەوە دێت کە ئێمە ئاوێکی زۆرمان هەیە، بەڵام نەمانتوانیوە وەکو پێویست ئەو ئاوە گلبدەینەوە. بۆیە پێویستە کار لەسەر گلدانەوەی ئاو لە زستاناندا بکەین، تاوەکو بتوانین هاوینان سوودی لێوەربگرین.''
سۆران بە ناوچەیەکی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان ناسراوە کە زۆربەی پڕۆژە گەشتیارییەکان بەندن بە هەبوونی ئاوەوە.
سەرپەرشتیاری سۆران ئەوەشی خستەڕوو، ''ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاری بەهۆی کەمئاوییەوە دانەخراوە، بەڵام دەبێت زیاتر کار لەسەر گلدانەوەی ئاو بکرێت.''
هەڵگورد شێخ نەجیب رەتیدەکاتەوە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ وشک ببێت یان کرابێتە دەستکرد و دەڵێت،''ئاوەکەی کەمی نەکردووە، پێشتریش ئەو مەکینانە هەر هەبوون بۆ دووبارە سەرخستنەوەی ئاوی تاڤگەکە، بەڵام ئێستا کار بۆ راکێشانی هێڵێکی ئاو لە بێخاڵەوە دەکەین.''
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆران. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە دەکات کە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ پڕۆژەکانی گەشتیاری دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ