رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وردبینی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا بۆ دیاریکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پشت بە داتای کۆن دەبەستێت. دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
رۆژی هەینی 28-07-2023 د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وردبینی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.
ناکۆکییەکی بەردەوام لەنێوان دوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەغدا پێیوایە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 680 هەزار کەسە، ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆری هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وردبینی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، "ناکرێت داتای 10 ساڵ لەمەوپێش بۆ ئێستا بەکاربهێنین، هەزاران کەس خانەنشین کراون، هەزاران کەس وەکو مووچەخۆر و پێشمەرگە دامەزراون."
بەپێی راپۆرتێکی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 09-06-2022 رەوانەی پەرلەمان کرا، مووچەی نزیکەی 4189 کەس بڕاوە، کە بە نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە، بەمەش مانگانە یەک ملیار و 253 ملیۆن و 626 هەزار و 591 دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. محەممەد زراری باسی لەوەش کرد، چاکسازی لە بواری بنبڕکردنی دوو مووچەیی بەردەوام دەبێت و ئەو گرفتەش چارەسەر دەکرێت، "بۆیە رەنگە ژمارەی مووچەخۆران هەندێک کەم ببێتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەیەش کە ئەوان [دیوانی چاودێریی دارایی عێراق] خستوویانەتەڕوو."
"هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت"
شەوى 26ى تەممووزى 2023، شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەیەکى حکومەتى عێراقى کۆبوونەوە، لەبارەى پرسی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق رێککەوتن و کۆنووسێکیان واژۆ کرد.
وەک د. محەممەد زراری دەڵێت، لەو سەردانەدا کە بە سەرپەرشتیاریی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، نوێنەری دیوانی چاودێریی داراییش بەشداریی کردووە؛ گوتی، "بڕوا ناکەم هیچ کێشە و گرفتێکی دیکە هەبێت و پێموایە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەنێردرێت."
بەگوێرەى ئەو زانیاريیانەى کە تۆڕى میديایی رووداو لە سەرچاوەيەكى ئاگادارى بەغداوە دەستى کەوتووە، ئەو کۆنووسى رێککەوتنەى کە لەنێوان شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى بودجە واژۆ کراوە، نێردراوە بۆ نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بە مەبەستى رەزامەندیدان لەسەرى.
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 975 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ