سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: پابەندین بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی گۆڕینی پارێزگار

28-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لە پابەندبوون بە رێککەوتنی سیاسیی تایبەت بە گۆڕینی پارێزگار کردەوە و رایگەیاند، پرۆسەکە بەبێ هیچ ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت.
 
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە (28-08-2025) بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی  گوت: "ئێمە پابەندین بە بڕگەکانی رێککەوتنی سیاسی و لە کۆتاییدا بڕیار لای سەرکردایەتیی سیاسیی سەرپەرشتیاری رێککەوتنەکەیە، سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە راسپاردەیان بۆ ئەم رێککەوتنە کردووە و ئێمەش پابەندین بە جێبەجێکردنی."
 
هەروەها گوتی: "بڕگەکانی رێککەوتنەکە لە رێڕەوی خۆیدایە و هیچ ئاستەنگێک نییە رێگریی لێ بکات."
 
محەممەد ئیبراهیم حافز ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرپەرشتیارانی ئەم رێککەوتنە گەرەنتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەن، برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشمانن لە پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئێمە لە هاوبەشییەکی درێژخایەندا بەردەوام دەبین نەک تەنیا بۆ یەک خولی هەڵبژاردن."
 
رۆژی شەممە، 10-08-2024ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان  و سێ ئەندامی عەرەب و کۆتای کریستیان تێیدا بەشداربوون و تێیدا رێبوار تەها، بە پارێزگار و محەممەد حافز، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان یەکێتی پۆستی پارێزگار لە کۆتایی ساڵی2025 رادەستی عەرەبی سوننە دەکات.
 
بەڵام ئەحمەد فاتیح کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، رۆژی (14-08-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەشێوەی ئاڵوگۆڕ لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە عەرەبە سوننەکاندا بێت بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ هەر لایەنێک و گوتیشی، لە کۆتایی ئەم ساڵدا هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە رادەگەیێنن.
 
ئەحمەد فاتیح کەرکووکی، روونیکردەوە، "سەردانەکەی محەممەد حەلبووسی بۆ کەرکووک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، بەهۆی فشاری جەماوەرییەوە باسی لە بوونی رێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە عەرەبەکان دوای دوو ساڵ، ئەگینا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەنجامدانی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە."
 
هەروەها گوتی: "نامانەوێت هەندێک بابەت لە راگەیاندنەکاندا باس بکەین، بەڵام لە کۆتایی ساڵدا قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و روونی دەکەینەوە کە ئایا رێککەوتنێک هەیە بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە عەرەبەکان یان نا."
 
دوو هەفتە لەمەوبەر، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، کە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە ئەنجوومەنی کەرکووک بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا کرد، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەرێکی زۆردا باسی رێککەوتنی لەسەر پۆستی پارێزگار کرد، ئەمەش پرسەکەی جارێکی دیکە کردەوە رۆژەڤ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.