رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر لەبارەی هێرشکردنە سەر گەنجێک لەلایەن پۆلیسێکەوە لە رۆژی مەولوود، رایدەگەیێنێت، لە بەرامبەر ئەو "رەفتارە نابەجێیە" ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەیانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی "پەلاماردانی" مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لە سەرووى یاساوە نییە."
رۆژی چوارشەممە، 27-09-2023، لە ناوەندی شاری هەولێر، هەزاران هاونیشتمانی بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) گردبوونەوە و سرووتی ئایینییان گوتەوە و، شیرینییان دابەشکرد، ژمارەیەک هاونیشتمانی چووبوونە سەر قەڵای هەولێر، بەڵام لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە مەفرەزەیەکی پۆلیس، هەڵدەکوتنە سەر ئەو هاونیشتمانییانە و یەکێک لە پۆلیسەکان لە مێرمنداڵێک دەدات.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "لە کاتێکدا کە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتییانى شارى هەولێرى پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو رۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕى لە نێو سەنتەرى شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتى هەولێر بە ئەنجامدانى چەند کردار و رەفتارێکى ناشایستە هاووڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکربووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو بارودۆخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس رەوانەى شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکى ناشایستە پەلامارى یەکێک لە گەنجەکان درا."
لە بەرامبەر ئەو "رەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
پۆلیسی هەولێر هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە "هیچ کەسێک لە سەرووى یاساوە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ