لە ئەرجەنتین سێ کچ لە لایڤی ئینستاگرام کوژران

28-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەزاران خۆپێشاندەر رژانە سەر شەقامەکانی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین و داوای دادپەروەرییان بۆ دۆسیەی سێ کچ کرد کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دران و کوژران، تاوانەکەش لە سۆشیاڵ میدیاوە راستەوخۆ پەخشکرا.
 
خۆپێشاندانەکە لەلایەن گرووپێکی فێمینیستەوە رێکخرابوو، کەسوکاری قوربانییەکانیش بە بەرزکردنەوەی وێنە و ناوی کچەکانیان "لارا، برێندا و مۆرینا" بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد بەرەو پەرلەمان. 
 
تاوانێکی دڕندانە
 
رۆژی 24-09-2025، تەرمی مۆرینا ڤێردی و برێندا دێل کاستیۆی ئامۆزای کە هەردووکیان تەمەن 20 ساڵ بوون، لەگەڵ لارا گوتیرێزی تەمەن 15 ساڵ، دوای پێنج رۆژ لە دیارنەمانیان، لە حەوشەی ماڵێک لە گەڕەکێکی باشووری بۆینس ئایرس دۆزرانەوە.
 
لێکۆڵەران تاوانەکەیان بە باندێکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە بەستووەتەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، قوربانییەکان رۆژی 19ـی ئەیلوول بە بیانووی بردن بۆ ئاهەنگێک، فریودراون و خراونەتە نێو ئۆتۆمبێلێکی ڤانەوە، وەک بەشێک لە پلانی "سزادانیان" لەسەر پێشێلکردنی یاسای باندەکە و بۆ ئەوەی ببنە پەند بۆ کەسانی دیکە.
 
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئەرجەنتین، ئەشکەنجەدەران پەنجەی قوربانییەکانیان بڕیوە، نینۆکیان هەڵکێشاون، لێیان داون و خنکاندوویانن.
 
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ڤیدیۆیەکی ئاشکرا کردووە. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، دەنگی سەرۆکی باندەکە دەبیسترێت کە دەڵێت: "ئەمە چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە ماددەی هۆشبەرم لێدەدزن."
 
ناکۆکی لەسەر پەخشی راستەوخۆ
 
بەرپرسان رایانگەیاند، تاوانەکە راستەوخۆ لە ئینستاگرام پەخشکراوە و 45 ئەندامی هەژمارێکی تایبەت سەیریان کردووە. بەڵام کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی ئینستاگرامە، رەتیکردەوە پەخشێکی لەو شێوەیە لە پلاتفۆرمەکەیاندا کرابێت و رایانگەیاند، "هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر روودانی پەخشێکی راستەوخۆ لە ئینستاگرام نەدۆزیوەتەوە. تیمەکانمان لە هاوکاریکردنی دەزگاکانی یاسا بەردەوامن."
 
تاوەکو ئێستا پێنج گومانلێکراو دەستگیرکراون کە سێیان پیاو و دووانیان ژنن. گومانلێکراوی پێنجەم لە شاری ڤیلازۆنی سەر سنووری بۆلیڤیا دەستگیرکراوە. بەڵام سەرۆکی باندەکە، کە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی پێروییە، دەستگیرنەکراوە. 
 
"خوێنڕێژەکان"
 
لیۆنێل دێل کاستیۆ، باوکی برێندا، لە خۆپێشاندانەکەدا گوتی: "پێویستە ژنان زیاتر لە هەموو کاتێک بپارێزرێن." دێل کاستیۆ پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو ئەشکەنجە زۆرەی کچەکەی دراوە، نەیتوانیوە تەرمەکەی بناسێتەوە. 
 
ئەنتۆنیۆ دێل کاستیۆ، باپیرەی هەردوو ئامۆزا 20 ساڵانەکە، بە گریانەوە بکوژەکانی بە "خوێنڕێژ" ناوبرد و گوتی: "ئەو کارەی ئەوان پێیان کردن، بە ئاژەڵیش ناکرێت."
 
بەپێی ئامارێکی گرووپێکی چاودێریی کوشتنی ژنان لە ئەرجەنتین، لەو وڵاتەدا هەر 36 کاژێرێک ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە دەکوژرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.