رووداو- هەولێر
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رایدەگەیێنێت، ئامادەن رۆڵی نیشتمانی بۆ لە یەکدی نزیککردنەوەی بۆچوونی تەواوی لایەنە نیشتمانییە کوردییەکانی رۆژئاوا بگێڕن بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چارەنووسسازە تێبپەڕێنن.
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی "ئامادەین بە گێڕانی رۆڵی نیشتمانی خۆمان بۆ لەیەکدی نزیککردنەوەی بۆچوونی تەواوی لایەنە نیشتمانییە کوردییەکانی رۆژئاوا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەماکانی یەکێتیی نیشتمانی و گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چارەنووسسازەی گەلەکەمانی تێدایە".
مەزڵووم کۆبانێ، بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی توویتەکەی کردووە.
پێشتر چەند جارێک بە نێوەندگیری سەرۆک بارزانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە و بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم) سێ رێککەوتنیان واژۆ کرد، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
رێککەوتنەکانیش بریتیبوون لە رێککەوتنی "هەولێر یەک" لە ساڵی 2012، "هەولێر دوو" لە ساڵی 2013 و کۆتا رێککەوتنیش لە ساڵی 2014 بەناوی رێککەوتننامەی دهۆک لە پارێزگای دهۆک واژۆکرا.
بەپێی رێککەوتنی رووسیا و تورکیا، پێویستە هەسەدە هێزەکانیان بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر بکشێنەوە و تورکیا و رووسیاش لەقوڵایی 10 کم لەناو خاکی سووریا دەوریەی هاوبەش ئەنجامبدەن، لە 23-10-2019 یەکەم دەوریەی رووسیا دەستی بەکارەکانی کرد.
دوای هێرشی تورکیا و گرووپە چەکداریەکانی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان و شەڕ لەگەڵ شەرڤانانی هەسەدە بۆ ماوەی نۆ رۆژ، لە 17-10-2019 ئاگربەستێکی 120 کاژێری لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنقەرە و واشنتن راگەیێندرا.
دواتر بەرپرسانی باڵای تورکیا 22-10-2019 لە سۆچی رووسیادا لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆ گەیشتنە رێککەوتن و 150 کاژێری دیکەیان وەک ئاگربەست راگەیاند، کە یەکێک لە مەرجەکان کشانەوەی هەسەدەیە لەم ناوچەیەدا و دەستپیکردنی گەڕانی هاوبەشی تورکیا و رووسیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ