51 بەربژێری شەبەک لە نەینەوا رکابەرى دەکەن، 6یان لە لیستە کوردستانییەکانن

28-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

47 بەربژێری شەبەک بەسەر 8 لیستی رکابەر دابەش بوون بە کورد و سوننە و شیعەوە، رکابەری لەسەر کورسیی گشتیی پارێزگاکە دەکەن، 6یان لەنێو لیستى یەکێتى و پارتی دان، چوار بەربژێری دیکەیان رکابەری لەسەر یەک کورسیی کۆتای پارێزگاکە دەکەن بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا گەرمتر بووە، بەهۆی زۆریی کورسی و فرەیی نەتەوە و پێکهاتەکانیەوە.
 
ئەو پارێزگایە 34 کورسیی گشتی و سێ کورسیی کۆتای بۆ پەرلەمانی عێراق هەیە، بەسەر کریستیان، ئێزدی و شەبەک دابەش بوون.
 
بۆ کورسیی کۆتای شەبەک، چوار بەربژێری تاک هەن رکابەریی بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن، بەڵام بەربژێرانی شەبەک بەسەر لیستە رکابەرەکانی دیکەدا دابەش بوون بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە کورسیی گشتی پشکى پارێزگاکە بەدەستبهێنن کە 31 کورسییە.
 
6 بەربژێر لە لیستی یەکێتی و پارتی
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا 61 بەربژێری هەیە، سێ لەو بەربژێرانە کوردی شەبەکن.
 
موسلیم قاسم کە یەکێکە لە بەربژێرانی شەبەک لە لیستی پارتی لە نەینەوا بە رووداوی راگەیاند: "پشت بە دەنگدەرانی دەشتی نەینەوا دەبەستین، زیاتر لە 300 هەزار کوردی شەبەک لە نەینەوا هەن، پێشبینی دەکەین لە 35 هەزار یان زیاتر لەو ژمارەیەش بەشداریی هەڵبژاردن بکەن."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش سێ بەربژێری کوردی شەبەک لەنێو لیستەکەیدایە کە بە ناوی هاوپەیمانیی یەکێتیی ئەهلی نەینەوایە.
 
یونس ئەحمەد شەبەک، یەکێک لە بەربژێرانی شەبەک لە لیستەکەی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "پشت بە دەنگی پێکهاتەکانی دیکەش دەبەستین، چونکە ناوچەکانمان تێکەڵە لەگەڵ پێکهاتەی دیکە و پێکەوە دەژین، بەتەنیا ناتوانین پشت بە دەنگی پێکهاتەکەی خۆمان ببەستین."
 
41 بەربژێری دیکە
 
کوردانی شەبەک زیاتر لە قەزای باشیک و ناحیەی بەرتلەی دەشتی نەینەوا نیشتەجێن، جگە لە لیستی یەکێتی و پارتی، 41 بەربژێری دیکەی شەبەک لەنێو لیستە سوننە و شیعەکانی دیکەی نەینەوان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە لیستی حەدبا 15 بەربژێریان هەیە کە لە 6 پارت و هاوپەیمانێتیی شیعە پێکهاتوون، سەرەکیترینیان لیستی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیى نووری مالیکی.
 
لیستی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادى عامری، کە لیستێکی دیکەی شیعەیە، 13 بەربژێری شەبەکی لە نەینەوا هەیە کە یەکێکیان سەرلیستی ئەو لایەنە شیعەیە.
 
هاوپەیمانیی 'ئەساس' بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی کە ئەویش لە شیعەکان نزیکە، دوو بەربژێری شەبەکی هەیە.
 
لیستی هەویەی نیشتمانی سەر بە رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون، دوو بەربژێری شەبەکی تێدایە.
 
تەنیا هاوپەیمانیی سوننە کە بەربژێری شەبەکی هەیە، هاوپەیمانیی عەزمە بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی کە یەک بەربژێری شەبەکى هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی 2023دا، 30،730 دەنگ بۆ شەبەک بووە
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023، شەبەک یەک کورسیی کۆتایان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەستهێنا، محەممەد شەبەکى کورسییەی بردەوە، 14 هەزار و 440 دەنگی بەدەستهێنا.
 
ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەنێو لیستی هاوپەیمانیی حەدبای نیشتمانی بەناوی مەعاز حەجی عەباس بە 5662 دەنگ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای مسۆگەر کردووە.
 
چوار بەربژێری دیکەی شەبەک لەو هەڵبژاردنە رکابەرییان کردووە و بە هەموویان 10 هەزار و 628 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
بەوپێیە کۆی ئەو دەنگانەی بەربژێرانى شەبەک لە هەڵبژاردنی 2023 بەدەستیان هێناوە، 30 هەزار و 730 دەنگ  بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڵێندەران لە "ترسی نەبوونی پارە" پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی بێتواتە وەرناگرن

دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، لە خراپیی رێگەوبانەکانیان نیگەرانن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو جار تەندەر بۆ پڕۆژەی رێگەی چوار گوند راگەیێندراوە، بەڵام "لەترسی نەبوونی نەختینە" هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پڕۆژەکە وەربگرێت