بافڵ تاڵەبانی: هەموو دنیا دەیەوێ لە کەرکووک بزنس بکات

28-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکووک قسەی بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی کرد و رایگەیاند، "کوڕێکی کەرکووکیمان لە ماڵە هەژارەکانەوە کردە پارێزگار" و ئاماژەی بەوەشکرد، "کەرکووکمان کردووەتە نموونەی پێکەوەژیان و کێشەکانمان نەهێشتوون."
 
بافڵ تاڵەبانی رۆژی سێشەممە (28-10-2025) لە کەرکووک بانگەشەی بۆ حیزبەکەی کرد و گوتی: "دوو ساڵ پێش ئێستا لێرە بەڵێنێکم پێدان با بیرتانی بێنمەوە، گوتمان حکومەتێک دادەمەزرێنین کە باوەڕی بە خزمەت هەبێت، راستگۆ بێت و ئەمنیەت و کەرامەتتان بپارێزێت، جێبەجێمان کرد. گوتمان بەجێتان ناهێڵین، گوتمان لەگەڵتان دەوەستین و کردمان. گوتمان ئەو پارێزگارە گەندەڵە دەخەین بە زەویدا و خستمان."
 
"کوڕێکمان لە ماڵە فەقیرەکان کردە پارێزگاری کەرکووک"
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی ئەو بەڵێنانەی کرد کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دابوونی و گوتی: "دوایین بەڵێنم کە پێمدان تەنانەت هەندێ لە هەڤاڵەکانی خۆمان بڕوایان نەکرد جێبەجێی بکەین ئەوەبوو کە پێمان گوتن کوڕێکی کەرکووکی لە ماڵە فەقیرەکانی کەرکووک، یەکێتییەکی کەرکووک دەکەین بە پارێزگار، نیوەی دنیا بەرامبەر وەستا و خستمانن و کردمان."
 
بافڵ تاڵەبانی باسی خزمەتگوزاری لە کەرکووک کرد و گوتی: "ئاومان هەیە، کارەبامان هەیە، مەکتەبمان هەیە و خەستەخانەمان هەیە، ئەمانە بەڵێن بوون و جێبەجێمان کردن. بە سێ جار بودجە ئەمە کراوە بۆ کەرکووک، بیهێننە بەرچاوتان بودجە وەکو پێویست بێت بۆ کەرکووک ئەوسا چی دەکەین لەم شارە پیرۆزە."
 
"هەموو دونیا دەیەوێ لە کەرکووک بزنس بکات"
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "لەوەتەی کەرکووک دروستکراوە یەکەمجارە لەژێر مادەی 140ی دەستوور زەوی دابەشکراوە، کەی ئەمە روویداوە؟ ئێستا جووتیارەکانمان مافیان پارێزراوە، کەی ئەمە وابووە؟ سەیرکەن چۆن مافی هاووڵاتیبوونتان پارێزراوە؟ سەیرکەن چەند کۆمپانیا دێن بۆ کەرکووک؟ ئێستا هەموو دنیا دەیەوێ بزنس بکات لە کەرکووک، ئەمە بەرنامەی یەکێتییە بەرنامەی مام جەلالە."
 
"کەرکووک نەوتە، خاکە، خوێنە، بەڵام چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە. پێمگوتن کەرکووک دەکەینە نموونەی پێکەوەژیان، پێمگوتن کێشە لە کەرکووک ناهێڵین و بە پشتیوانی ئێوە جێبەجێمان کرد. کورد، عەرەب، کریستیان، کاکەیی و تورکمان وەکو یەک دەژین لەم شارە." بافڵ تاڵەبانی وای گوت.
 
"قبووڵی ناکەین لە رێی دین و نەتەوە و زمانەوە جیاوازیی دروست بکەن"
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی تایبەتی بۆ نەتەوەکانی کەرکووک نارد و رایگەیاند: "پەیامێکی تایبەتم هەیە بۆ عەرەب، کریستیان، کاکەیی و تورکمان، لە دڵمەوە، لە دڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، لە دڵی جەنابی مام جەلالەوە ئێمە رێزتان دەگرین، بەرگریتان لێدەکەین، شەڕتان بۆ دەکەین، رێز لە ناسنامەتان دەگرین، رێز لە مافتان دەگرین، رێز لە گرنگیتان دەگرین لە کەرکووک، چونکە بەم رووحییەتە ئێمە دەتوانین کەرکووک سەوز بکەین، دەنگ و رای ئێوەمان دەوێ بۆ حکومەت و لە هەموو بڕیارێک کە یەکێتی دەیدات بۆ کوردستان، بۆ عێراق و بۆ کەرکووک."
 
لەبارەی خوێندیش لە کەرکووک پەیامێکی بۆ قوتابیان نارد و گوتی: "قوتابییەکانی کەرکووک دەبێ بە کوردی بخوێنن، ئەمە مافی خۆیانە لە دەستووری عێراقدا کوردی زمانی فەرمییە و بیریان دەهێنینەوە، کە ئەمە دەستوورە، کە هەرگیز قبووڵی ناکەین ستەممان لێبکەن، قبووڵی ناکەین لە رێی دین و نەتەوە و زمانەوە جیاوازیی بخەنە نێوان نەتەوەکانی کەرکووک."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.