رووداو دیجیتاڵ
لەنێو نزیکەی پێنج هەزار قوتابی کە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی تایبەت بە ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلام کردبوو، کچێکی خەڵکی شارۆچکەی وارماوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتکرا.
تاقیکردنەوەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی نووری جیهانی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستانی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی بووە. پرۆژەکە ساڵانەیە و لە مانگی مەولووددا بەڕێوەدەچێت.
زانا یادگار، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەی نووری جیهانی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان چەند بەشێکی دیکەیش لەخۆدەگرێت. وەک بڵاوکردنەوەی کتێب، نامیلکە و بڵاوکراوەی تایبەت بە "ئاکار و مامەڵە و رەوشتی پێغەمبەر".
پرۆژەکە لە 24-10-2020 راگەیێندرا، بەشداربووان نزیکەی 20 رۆژیان پێدرا بۆ ئەوەی کتێبی دیاریکراو کە ناوی "کورتەی ژیانی پێغەمبەر" بوو، بخوێننەوە.
رۆژی 20-11-2020 تاقیکردنەوە لە کتێبەکەدا بەڕێوەچوو، زانا یادگار ئاماژەی بەوە کرد، لە 25 لقی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان لە 29 شار و شارۆچکە تاقیکردنەوەکان لە یەککاتدا بەڕێوەچوون. رۆژی 27ـی مانگیش ئەنجامەکان ئاشکرا کران کە "قوتابی ئەوین عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا لە لقی شارەزووری رێکخراوەکە خەڵاتی یەکەمی بردەوە و 400 دۆلاری ئەمریکی پێبەخشرا".
ئەوین پۆلی 12ـی زانستییە و بە رووداوی گوت، لەلایەن باوکییەوە پشتگیری کراوە. "سوپاسی خوا دەکەم کە بوومە مایەی سەربەرزی بۆ شارۆچکەکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ