رووداو دیجیتاڵ
مووشەکێک کە شەوێکی درەنگی 26ی ئەم مانگە لە کۆگەیەکی کۆرمۆری دا، 80٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستانی کەمکردەوە و کاریگەرییەکەی گەیشتە زۆرینەی شارەکان، وەکو دەبینن زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر بوونەتە تاریکستان.
عومەر زێدان، دانیشتووی گەرەکی نیشتمانە لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێستا سەردەمی تاریکی نەماوە، دیارە دۆخەکە بەمجۆرەیە، بەڵام ئینشاڵڵا چاک دەبێتەوە، هیچ گڵۆپێکی شەحنمان نییە، چونکە ئەم ماوەیە کارەبایەکی باش هەبوو، خەڵک ئەو شتانەی لەبیر کردبوو."
ساڵێکە پڕۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە کار، تائێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس سوودمەندبوونە لە کارەبای 24 کاژێری، بەڵام دوو شەوە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر رووبەڕووی کەمی کاژێرەکانی کارەبا بوونەتەوە.
عەبدوللەتیف عەبدوڵڵا، دانیشتووی گەڕەکی رزگاریی دوو دەڵێت: وەڵا هیچمان نییە، نە نەوت و شەحن ماوە لە ماڵەوە، نە کارەبا، موەلیدەش هەڵناکرێت، ناچارم بچم لە بازاڕ لایت شەحنێک بکڕم تاوەکو سبەی."
هێژا هاوار، لە گەرەکی شادیی هەولێر باس لەوە دەکات: "کارەبا نییە و دۆخەیە دیارە، بە ناچاری لەنێو ئۆتۆمبێلەکەم دانیشتووم مۆبایلەکەم بارگاوی دەکەمەوە."
لە سەنتەری هەولێر 1500 مۆلیدەی ئەهلی هەن، بەشێکی کەمی مۆلیدەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، ئەوانەی کار ناکەن، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیانە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لە پێش رووداوەکەی کۆرمۆر.
یونس رەفیق، خاوەن مۆلیدە لەبارەی گرێبەستی خاوەن موەلیدەکانەوە بە رووداوی گوت: "گرێبەستەکان لە هەولێر 80 بۆ 90٪ نەماون، هەمووی هەڵوەشاوەتەوە و پێمان گوتراوە، ئەوانەی گرێبەستیان نییە، نابێت موەلیدە هەڵبکەن، بەڵام من گرێبەستم ماوە ناچارم پابەند بم و موەلیدەکەش هەڵبکەم، هەرچەندە بارگرانییە بۆ من چونکە گاز بە 165 و 170 یە بۆمی دەرناهێنێت."
بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 3 هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە، وێستگەکانی کارەبا تەنیا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی هەزار و 400 مێگاوات کارەبایان هەیە.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا رایگەیاند: بەپێی ئەم رێژەیە، پێشبینی دەکەین 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا هەبێت، [خاوەن موەلیدەکان] گرێبەستەکانیان ماوە، پێویستە پابەندبن چونکە مانگانە پارەکانیان بۆ خەرج دەکرێت، بەبێ بانگەواز پێویستە ئەو کارە بکەن و هاوکاریی خۆیان و ئێمەش ببن."
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێری داهاتوودا پێشبینی دەکرێت دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.
ئێستا بەو هۆیەوە لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارەبا نییە، رۆژانە نزیکەی 5 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ