رووداو دیجیتاڵ
ئهندامێکی مهكتهبی سیاسیی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات ئهندامی لیژنهی دانووستاندنکاری ئەو حیزبەیە بۆ بەغدا رایدەگەیێنێت، یەکێتی کارنامەی خۆی بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئامادە کردووە و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت، دەشڵێت، "پێش ئەوەی بچینە بەغدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبینەوە بۆئەوەی بەیەکەوە و بە یەک بەرنامەی هاوبەش بڕۆین".
عیماد ئەحمەد، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە 28-12-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کارنامەی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تەواو کردووە و پێشبینی دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەرنامەی خۆی تەواو کردبێت، بۆیە پێش ئەوەی بچینە بەغدا لەسەر رۆشنایی ئەو رێککەوتنەی ئەم دواییەی دەباشان، بڕیارە بە یەک بەرنامە و شاندێکی هاوبەشەوە بچینە بەغدا، کە من پێم باشە وەکو کورد بە یەک دەنگ و یەک شاند و یەک بەرنامەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەین".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو ئهندامەی مهكتهبی سیاسیی یهكێتی گوتی، کارنامەکەیان سێ تەوەر و سێ بنەمای هەیە، "ئەو سێ تەوەرە بریتین لە دابەشکردنی دارایی، واتە ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لە ماوەی رابردوودا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بوجە و مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان و پرسە داراییەکانی دیکە، ئەمە تێڕوانین و چارەسەرییەکانی خۆمان تێدا خستووەتەڕوو، هەروەها تەوەری دووەم دابەشکردنی دەسەڵاتە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، تەوەری سێیەمیش بریتییە لە دیاریکردنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند کە ئەمە پرسی ماددەی 140 و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە دەبێت چیدیکە بە هەڵپەسێردراوی نەمێنێتەوە".
عیماد ئەحمەد کە هاوکات ئهندامی لیژنهی دانووستاندنکاری یەکێتیشە بۆ بەغدا، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، یەکێتی بۆ کارنامەکەی پشت بە پرەنسیپەکانی تەوافوق و هاوسەنگی و بەشداریی راستەقینە دەبەستێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنەی رۆژی یەکشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2021 لە نێوان یەکێتی و پارتی لە دەباشان کرا و تێیدا هەردوولا رێککەوتن بە یەک بەرنامەی هاوبەشەوە بچنەوە بەغدا، عیماد ئەحمەد رایگەیاند، "چاوەڕوانین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەک بکەین و بتوانین پێکەوە بە یەک بەرنامەوە بچینەوە بەغدا، کە من بۆ خۆم ئەمەم بەلاوە گرنگە و پێویست دەکات لەم قۆناخە یەکدەنگ بین".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دەستپێشخەری دەکەن بۆئەوەی هەموو لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لەگەڵدا بکەن، بۆئەوەی کورد بەیەکەوە بچنە بەغدا، دەشڵێت "داوای ئەو یەکدەنگییەمان لە هەموو لایەنەکان کردووە و ئێستاش داوای دەکەینەوە".
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، کە رۆژانی 8 و 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، کورد 63 کورسیی بەدەستهێنا؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 31 کورسی وەکو لایەنی یەکەمی لایەنە کوردستانییەکان، بەدوای ئەویشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 18 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 4 کورسی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش بە کورسییەک دێن.
رۆژی دووشەممە 27-12-2021، لە دانیشتنێکی تایبەت بە پێداچوونەوەی تانەکانی هەڵبژاردن، دوای سێ جار لە دواخستنی پەسندکردنی ئەنجامەکان، دادگە تانەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی رەتکردەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسند کرد، بەوەش پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خۆی بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی ساز بکات و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان دەستپێبکات.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی دووشەممە 27-12-2021 لە راگەیێندراوێکدا لەسەر زاری گوتەبێژەکەیەوە هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند، تێیدا ئەوە خرابووەڕوو "بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێشوازی لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق دەكەین لە پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەچوو. وێڕای ھەر تێبینییەك لەسەر پرۆسەكە، پیرۆزبایی سەركەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستهاتووی ھێزە براوەكان دەكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ