بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: نرخی بازاڕ بەرزنەبووەتەوە و خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی خۆراک کەمە

28-12-2022
زانا کایانی @zana_kayani
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "نرخی شتومەک لە بازاڕ وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ئەگەر تا یەک دوو مانگی دیکە نرخی دراوی عێراقی بەرامبەر بە دۆلار جێگیر نەبێت، نرخی خۆراک و کاڵاکانیش بەرزدەبێتەوە."
 
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، چەند رۆژێکە لە نزیکەوە چاودێریی بازاڕ دەکەین و بە وردی لێکۆڵینەوەمان کردووە، تاوەکو ئێستا نرخی شمەک و خۆراک بەرزنەبووەتەوە و وەک خۆیەتی."
 
بە گوتەی نەوزاد کامیل، جێگیریی نرخی کەلوپەل و کاڵاکان لە بازاڕدا "دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر بازاڕکردن، خەڵک خۆی دەپارێزێت لە بازاڕکردن و خەرجکردن." دەشڵێت،" گەشبینین بە دۆخەکە و دوای سەری ساڵ بازاڕ ئاسایی دەبێتەوە، رەنگە نرخی دیناریش بەرامبەر بە دۆلار جێگیرببێت."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، زۆربەی دووکانداران خۆراک و کەلوپەلەکانیان بە دۆلار دەکڕن و بە دینار دەیفرۆشنەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زەرەرمەند بن. بەشێک لە دووکاندارانیش بە رووداویان راگەیاند، نرخی بەشێک لە کەلوپەلەکان بەرزبووەتەوە، بۆ نموونە شیری وشک.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئەوەی نرخی کاڵا و خۆراک بەرزنەبێتەوە، ئێستا بەشەخۆراکی مانگانە گەیشتووەتە پارێزگاکان و بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا دابەشکراون بۆ ئەوەی بەشەخۆراکی مانگی 11 بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشبکرێت." 
 
سەبارەت بە جموجۆڵی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و ناجێگری نرخی دینار بازرگانانی تووشی دڵەڕاوکێ کرد، نەوزاد کامیل دەڵێت، "جموجۆڵی بازرگانی نەوەستاوە و ئاساییە، بەڵام ئێستا لە پشووداین، مۆڵەتی هێنانی کاڵا تاوەکو دوای سەری ساڵی نوێ بەکەس نادرێت، بەڵام ئەوانەی کە هەژماریان هەیە و پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە، هیچ کێشەیەکیان نییە و لە دەروازەکانەوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن." 
 
لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەشێک لەو بازرگانانەی کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن، زیانیان بەرکەوتووە، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی گوتی، "بەشێک لەو بازرگانانە زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکیشیان قازانجیان کردووە، هەروەک بازرگان هەیە تمەنێکی زۆری ئێرانی کڕیوە زیانی کردووە، بازرگانیش هەیە دۆلارێکی زۆری کڕیوە و قازانجی کردووە." 
 
دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە، دیار نییە بەهاکەی لە چ ئاستێک دەمێنێتەوە، بازاڕەکانی گۆڕینەوەی دراو قەرەباڵخن و ئەو ناجێگرییەش کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر بازاڕی دراو. 
 
رۆژی سێشەممە، بەهاى 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە دینارى عێراقى گەیشتە بەرزترین ئاست کە 159 هەزار دیناری تێپەڕاند؛ ئێستاش [کاژێر 03:20 خولەکی رۆژی چوارشەممە] نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 153 هەزار و 500 دیناری عێراقی. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران

دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ: لە سەری ساڵدا هاتووچۆ راناگیرێت

بەرپرسانی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران دەڵێن، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت و بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە راناگیرێت.