رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە 9 مانگدا زیاتر لە چوار هەزار و 600 منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون؛ ئاشکراشی دەکات لە هەر 24 کاژێرێکدا 18 منداڵ لەدایک دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-12-2025، ئایەت مەهدیان، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2025 تاوەکو 21-11-2025، لە سەرتاسەری پارێزگاکە 4 هەزار و 631 منداڵ لەدایکبوون.
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی لەدایکبوونی رەگەزی نێر زیاتر بووە و گوتی: "لەو ژمارەیە، 2 هەزار و 463 منداڵ کوڕ و 2 هەزار و 168 منداڵیش کچ بوون."
"فاتمە و عەلی زۆرترینن"
سەبارەت بەو ناوانەی زۆرترین خواستیان لەسەر بووە، ئایەت مەهدیان گوتی، زۆرترین ناوی تۆمارکراو بۆ کچان "فاتمە" و بۆ کوڕانیش "عەلی" بووە. هەروەها لەنێو لەدایکبوواندا 129 حاڵەتی لەدایکبوونی دووانە و سیانە تۆمار کراون.
بەپێی دابەشبوونی جوگرافیی پارێزگاکە، زۆرترین رێژەی لەدایکبوون لە شاری دێلڕان بووە بە رێژەی 13.2٪ و کەمترینیش لە شاری بەدرە تۆمارکراوە کە 6.2٪ بووە.
بەگوتەی مەهدیان، بەپێی ئەم ئامارانە، لە هەر 24 کاژێرێکدا 18 منداڵ لە پارێزگاکە لەدایک دەبن.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان 580 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ