رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، سێ کەس کە دەم و چاویان بەسترابوو، لە بەرەبەیاندا هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە کۆمەڵگەی سمایل بەگی ناحیەی شوان لە سنووری کەرکووک. ئەو چەکدارە دەمامکدارانە ژنێک بە ناوی هێرۆ سەباح دەکوژن و هاوسەرەکەیشی قۆڵبەست دەکەن.
سۆزان ئەبوزیاد، دراوسێی ژنە کوژراوەکە بە رووداوی گوت، "رامکرد دەنگی فیزاح دەهات، دەرگەم کردەوە خەسووی گوتی: ئەوە بۆ نایەن ئاگاتان لە ماڵ کوڕەکەم بێت، کوشتوویانە. گوتم کێ کوشتوویەتی. گوتی: بوکەکەم کوژراوە و کوڕەکەم لەسەر خانوو بەستراوەتەوە. من هاتم باوک و مامی و شوبراکەی هاتبوون، ژنەکەیان کردە نێو بەتانی و بردیان هێشتا رۆحی تێدا مابوو."
بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە، گۆران جەوهەر کە هاوژینی ژنەکەیە، لەلای هێزە ئەمنییەکانە. ئەو بە پۆلیسی گوتووە کە پێشتر هەڕەشەی لەسەر بووە و تەقەیشی لێکراوە.
گەیلان لەگەڵ براکەی کرێکاری دەکەن، برای دەڵێت، کاژێر سێ تەلەفۆنی بۆکردووە تاوەکو بەیەکەوە بچنە سەر کار، 20 خولەک دوای تەلەفۆنەکە گەیشتووە و رووداوەکە روویداوە. دەشڵێت، یەکەم کەس بووە چووەتە سەریان کاتێک براکەی لەسەربان قۆڵبەستکراوە و ژنەکەیشی بە برینێکی سەختەوە ناڵاندوویەتی تاوەکو گیانی لەدەستداوە.
گەیلان جەوهەر، برای گۆران باس لەوە دەکات، "منداڵەکان هاتن بەرەوڕووم، هاتمە دەرەوە من تەلەفۆنم بۆ باوکم کرد، باوکم و ئەوان گەیشتن و چووینە ژوورەوە، ژنەکە بریندارببوو لە ژوورەوە و لەسەر خانوو براکەم بەسترابووەوە."
تەرمی ژنەکە گەڕێندرایەوە زێدی خۆی لە گوندی سەربیر. کەسوکاری ژن و پیاوەکە بەیەکەوە لە گۆڕستان بوون و لە پرسەکەیشدا بەیەکەوە دەوەستن. هیچ لایەکیان گومان لە یەکدی ناکەن، لە سکاڵاکەدا ناوی هیچ کەسیان نەهێناوە تەنیا ئەوەی گومانێکیان هەیە و ئەرکی دۆزینەوەی بکوژەکانیان بە هێزە ئەمنییەکان سپاردووە.
سەباح سەربیری، باوکی ژنە کوژراوەکە گوتی، "بەپێی راپۆرتی پزیشکی: شەش چەقۆی لێدراوە و فیشەکێک بەر سەری کەوتووە و دەرنەچووە. ئەو کچەی ئێمە هەفتەیەک لەمەوبەر لای من بوو لە پردێ، لەگەڵ هاوسەری چوونە هەولێر و هاتنەوە، گومانمان لە کەس نییە، چونکە بەڵگەمان لەسەر کەس نییە."
گۆران ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ هێرۆ سەباحی تەمەن 29 ساڵان کردووە، دوای ئەوەی لە هاوسەری پێشووی جیابووەتەوە، لەگەڵ ئەواندا دوو منداڵی لە هاوسەری پێشووی هەبووە و لای دایکیان بوونە. سیما تەمەنی 11 ساڵانە و پۆلی پێنجی سەرەتاییە، هۆزانیش تەمەنی 8 ساڵە و لە پۆلی دووەم دەخوێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ