رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام خاڵیکی پشکنینی لە سەر رێگەی سەرەکی نێوان پارێزگای حومس و تەڕتووس داناوە. لە 36 کاژێری رابردووشدا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ "دەستگیرکردنی لایەنگرانی ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنان" ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە هەر چوار گوندی بەلقەسە، تەلکەلخ، ئەل ئیقسە و خربت حەمام ئەنجامدراوە کە زۆرینەی دانیشووانەکەی عەلەویین.
محەمەد عەلان هاووڵاتییەکی سووریاییە و دەڵێت، " ئێمە تایفەیی نین، ئێمە لێرە خەڵکانێکین دەمانەوێت بە ئاشتی بژین، هەموو تایفەکانی ئەم وڵاتە برای ئێمەن و خۆشیشمان دەوێن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان تایفەکاندا نییە".
لەو ئۆپەراسیۆنانە، چەند کەسایەتییەکی دیاری سەردەمی ئەسەد دەستگیرکران. لەنێویاندا عەلی شوجاع ، کە سووریاییەکان بە "قەسابی کۆمەڵکوژی حۆلە"ـی ساڵی 2012 دەیناسن. هەروەها محەمەد کەنجۆ، سەرۆکی پێشووی دادگەی سەربازی کە بە "قەسابی زیندانی سیدنایا" ناسراوە.
ئەحمەد بەیاع، هاووڵاتییەکی سووریاییە و لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تەحریر شام ئاماژە بەوە دەدات، "ئەوەیان پێگوتین گوایە سەربڕین و کوشتن لەسەر ناسنامە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەحریری شام شتی وای نەکردووە، تەنیا ئەوانەی دەستگیرکردووە کە دەستیان تێکەڵ بە خوێنی گەلی سووریا بووە؛ ئەوانە زۆربەیان لە حومس و ناوچەکانی دەوروبەری خۆیان شاردووەتەوە، من لە ساحیلەوە تا حومس هاتووم کەس داوای ناسنامەشی لێنەکردووم".
حومس دەکەوێتە سەر ئەو سێڕێیانەی کە حەلەب و دیمەشق و هەردوو پارێزگەی لازقییە و تەرتووسی زۆرینە عەلەوی بە یەک دەبەستێتەوە و عەرەبی سوننە، شیعە، عەلەوی و کرسیتیانی لە خۆگرتووە.
شارەکە لە سەردەمی ئەسەد رێگەی سەرەکی گەیاندنی هاوکارییەکان بوو لە عێراقەوە بە سووریا پاشان بۆ چەکدارانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
ئەوەی دەسەڵاتی ئەمنیی حومسی بەدەستەوە بێت بە ئەگەری زۆرەوە کۆنترۆڵی نێوەڕاستی سووریا و دیمەشقی پایتەخت دەکات.
عەلا عیمران، سەرۆکی پۆلیسی حومس لەبارەی دۆخی ئەمنیی حومس باس لەوە دەکات، " هەندێک کەس هەن ئێمە بە کلک و پاشکۆی دەسەڵاتی گۆڕبەگۆڕی ئەسەد دایان دەنێین، ئەوان چەکیان پێیە و تەقەیان لە خەڵک و هێزە ئەمنییەکان کردبوو، رووبەڕوویان بووینەوە و ئێستا رەوشەکە ئارامە و هێزێكی ئەمنی چڕمان بە هەموو ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە".
دوای ئەوەی هەواڵی پێکدادانی نێوان لایەنگرانی ئەسەد و چەکدارانی تەحریر شام بڵاوبوویەوە، ترس و نیگەرانی لە نێو خەڵک بڵابوویەوە وتەحریری شام بۆ دڵنیاکردنەوەی شەقام، لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی دیمەشق نمایشێکی سەربازی ئەنجامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ