میدیای ئەڵمانیا: 50 رۆژە رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی لە رۆژئاوای کوردستان بێسەروشوێنە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، رۆژنامەڤانێکی وڵاتەکەیان بە ناوی (ئیڤا ماریا میشێلمان) تەمەن 36 ساڵ، لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) بێسەروشوێن بووە. بەگوێرەی گوتەی بنەماڵەکەی، ئەو رۆژنامەڤانە لەلایەن سوپای سووریاوە دەستبەسەر کراوە.
 
رۆژنامەی "دی زایت" (Die Zeit)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا کە رۆژی 15ی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیڤا ماریا میشێلمان، رۆژنامەڤانی ئەڵمانی.، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و خەڵکی شاری کۆڵنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنە؛ ناوبراو ژیانی خۆی لە ئەڵمانیا بەجێهێشتووە تاوەکو ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی سیاسی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە سووریا.
 
پارێزەر و بنەماڵەی ئیڤا دەڵێن، ناوبراو بۆ میدیایەکی کوردی کاری کردووە و لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، لەلایەن هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە دەستگیرکراوە.
 
ئیڤا لە دوایین نامەیدا کە لە 5ی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ دایکی ناردووە، نووسیویەتی: "دڵنیابن کە من باشم. ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ نامە و هەواڵێکی منتان پێ نەگەیشت، ئەوا بزانن بە پڕۆژەیەکەوە سەرقاڵم."
 
لە لایەکی دیکەوە، برای ئیڤا پشتڕاستی دەکاتەوە کە خوشکەکەی لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە دەستبەسەرە، بەڵام رەخنە لە حکومەتی ئەڵمانیا دەگرێت و دەڵێت "هیچ کارێکی بۆ ئازادکردنی ئیڤا نەکردووە."
 
هاوکات دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان سەرنجی "هێزە چەپە تووندڕەوەکانی" راکێشاوە. بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو دەزگایە، لە ساڵی 2013وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 کەس لەو رەوتە چەپانە لە ئەڵمانیاوە روویان لەو ناوچانە کردووە، بە مەبەستی "ئەنجامدانی کاری مرۆیی" یان "بەشداریکردن لە شەڕی چەکداریدا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە