رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانەی دەگوترێ چارەنووسیان نادیارە دەزانین لە سنووری لالۆلانن و ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروان میروادەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران بە رووداوی گوت: "لە ناوچە شاخاوییەکانی سیدەکان هەشت کەس کە مەڕوماڵاتیان هەبووە چارەنووسیان نادیارە و لەسەرهێڵین بۆ زانینی چارەنووسیان و گەڕاندنەوەیان".
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "چارەنووسی کەسەکان ئاشکرابووە بۆمان کە 12 کەسن و لە ناوچەی لۆلانن کە لە دەرەوەی خاڵی ئەمنیی هەرێمی کوردستانە".
قایمقامی سیدەکان گوتی: "کەسەکان وەک مەڕدار لە ناوچەکە بوون و ئەمڕۆ داوای تراکتۆر و شۆفڵیان کردووە و ئێمەش رەزامەندیمان داوە بۆیان ببرێ و هەر ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
لەبارەی ئەو حەوت کەسەی لە چیایەکی سیدەکان ماونەتەوە، قایمقامی قەزاکە گوتی: "شوێنەکەیان تاوەکو ئێستا سەلامەتە و هەر ئەمڕۆ ئەوانیش دێنەخوارەوە".
ئەوانەی لە چیاکەن لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆوە داوای بەهاناوەچوونیان کردووە. ئیحسان چەلەبی گوتی: "ئێمە و تیمی ئەمنیش قسەی لەگەڵ کردوون و ئەو شوێنەی لێین سەلامەتن و دێنەخوارەوە. ئەوان شاخەوانیش نین و کۆمەڵێک هاوڕێن بە سێ ئۆتۆمبێل بۆ گەشت چوونەتە ناوچەکە".
پێش قسەکانی قایمقامی سیدەکان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تیمێک دەنێرین بۆ رزگارکردنی حەوت کەسەکە و ئامانجی سەرەکیمان رزگارکردنی خۆیانە نەوەکو ئۆتۆمبێلەکان، چونکە رێگەکە سەختە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ