فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگ بەکێ دەدەن بۆ سەرۆکی پەرلەمان؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەربژێرێکی سەرکەوتووی پارتی دەڵێت، پشتگریی محەممەد حەلبووسی ناکەن. نوێنەرانی یەکێتی، هەڵوێست و یەکگرتوو دەڵێن، سبەی بڕیاری کۆتایی دەدەن.
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەک نەریتێك بۆ عەرەبی سوننەیە و ئێستا دابەشی سەر دوو ئاراستە بوون. 
 
عەلی مەحموود، ئەندامی حیزبی تەقەدووم، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سوننەکان 72 پەرلەمانتاریان هەیە و تەقەدووم خاوەنی 35 پەرلەمانتارە. "تاکە بەربژێری ئێمە محەممەد حەلبووسییە و هیچ ناوێکی دیکە لەئارادا نییە".
 
ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت.
 
محەممەد دەحام، ئەندامی سەرکردایەتیی عەزم و یەکێک لە رێگەپێدراوانی لایەنە سوننەکان بۆ لێدوانن بۆ میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە هەموو دۆخێکدا بەرەو دوو بەربژێر دەڕوات و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ بگەینە تەنیا یەک بەربژێر. هاوپەیمانیی عەزم رژدە لەسەر بەربژێرەکەی خۆی کە بەڕێز موسەننا سامەڕاییە و هیچ گۆڕانکارییەک لەو بڕیارەدا نییە".
 
هەڵوێستی کورد بۆ بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان
 
شێروان دووبەردانی، بەربژێری دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا دانوستاندن و گفتوگۆکان بەردەوامن. سبەی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێتە بەغدا و گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەکرێ".
 
دووبەردانی گوتی: "سبەی شاندی پارتی بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی دەگەیێنێتە ئێمە و ئێمەش پێیەوە پابەند دەبین، بەڵام ئەوەی روون بووەتەوە ئەوەیە ئێمە پشتگیریی محەممەد حەلبووسی ناکەین. رکابەرەکان سبەی دەردەکەون و پێدەچێ زیاتر بن لە دوو کەس، نەوەک تەنیا حەلبووسی و سامەڕایی".
 
سروە محەممەد، بەربژێری دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بۆ کۆبوونەوەی سبەی بەردەوامن. ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد بێت. سەرۆکیش کەسێک بێت ئێستا و رابردوو دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووبێت".
 
هەر ئەمڕۆ دەرچوویەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت: "هێڵی سوورمان لەسەر هیچ بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نییە. کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبن بۆ پشتگیری بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمان".
 
سروە محەممەد گوتی: "تاوەکو یەک کاژێر پێش چوونە کۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆکانمان بۆ پشتیوانی بەربژێرێک بەردەوام دەبن. زۆرکات هەبووە چەند خولەکێک پێش دانیشتنی پەرلەمان بڕیارمان داوە".
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە بەغدایە. سروە محەممەد دەڵێ، کۆبوونەوەکانی بەغدا بەردەوامن و تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی پشتگیرییان بۆ هیچ بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبووەتەوە.
 
ئەو بەربژێرە دەرچووە گوتی: "جێگری سەرۆکی پەرلەمان زۆر گرنگە بۆ کورد بێ کە پێشتر بۆ پارتی بووە وەک نەریتێک و بۆ یەکێتیش سەرۆککۆمار بووە. تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەربژێرێکمان نییە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان".
 
ئیدریس محەممەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی ئەنجوومەنی رەوتەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتوگۆکانمان بۆ پشتگیریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامن و تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری کۆتاییمان نەداوە".
 
ئەو بەرپرسەی رەوتی هەڵوێست گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام لە بەغدا نا، بۆیە هێڵی سوورمان لەسەر هیچ بەربژێرێک نییە. ئەوەی گرنگە بەلامانەوە کەسێک بێ دژی مافی خەڵکی کوردستان، قەوارەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبێ".
 
د. موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرکەوتووی خولی شەشەم، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن. تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری پشتگیری هیچ بەربژێرێکمان نەداوە. سبەی بڕیار دەدەین و پشتگیری ئەو کەسە دەکەین پشتگیری ئێمە بکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەرگریی شارستانیی سۆران: هەشت کەس لە سیدەکان بێسەروشوێنن

موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شەوی رابردووەوە هەشت کەسی سنووری سیدەکان کە مەڕوماڵاتیان هەیە و چوونەتە چیاکانی سنوورەکە، چارەنووسیان نادیارە".