رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، 31ـی ئەم مانگە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت. هەروەها لیستی مووچەشیان بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 29، 30 و 31ی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 31ی ئەم مانگە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت، کە دەکەوێتە دوا رۆژی دابەشکردنی مووچەوە."
دواتر وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:"رۆژی چوار شەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت، لەهەمان رۆژدا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای 1-7-2024، بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت".
کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 42 هەزار و 33 مامۆستایە کە 37 هەزار و 933یان سەر بە وەزارەتی پەروەردە و 4 هەزار و 100یشیان سەر بە خوێندنی باڵان.
خەرجیی مانگانەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست نزیکەی 24 ملیار دینارە. ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی دیپلۆمیان هەیە مووچەیان 400 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 500 هەزار دینار وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ