رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی لە شەوی هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین بەفری تێدا باریوە و لە هەندێک شوێن دەگاتە نیو مەتر، سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش داوا دەکات، کەس بۆ گەشتیاریی سەردانی ناوچەکانیان نەکات.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە، رێگەکانی دیکەش ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "رێگەکانی مێرگەسۆر و هەموو ناوچەکانی دیکەی سنوورەکەمان بەفریان لێباریوە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین تاوەکو بتوانن رێگەکان بەکارنەهێنن و ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە".
هەڵگورد شێخ نەجیب داوای لە هەموو هاونیشتمانییان کرد، "هیچ کەسێک بۆ گەشتیاری سەردانی ناوچەکانمان نەکات و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە، تیمەکان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگەکەن و ئەگەر گەشتیاران بچن تووشی ئاستەنگی دەبن و تیمەکانیش بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ رێگەی بەفر شیاو نین، تایەکانیان شیاو نییە، رێگەکانیش مەترسیدارن و دەبێ هاونیشتمانیان هۆشیاربن".
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووی ئێمەوە تاوەکو سنووی ئیدارەی راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، لە هەندێک شوێن زیاتر لە نیو مەتر و بەهۆیەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە".
شۆڕش حەسەن گوتی: "تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکانن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە نەتوانراوە رێگەکە بکرێتەوە".
رێگەی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە.
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆ لە رێگەی دەروازەی کێلێ بەتەواوی داخراوە، بەفری زیاتر لە دیوی ئێرانەوە باریوەو رێگەکەی گرتووە".
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین گوتی: "شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی رێگەی کێلێ بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی زۆری بەفرەکەوە لەدیوی ئێرانیشەوە بەهیچ شێوەیەک هاتووچۆ ناکرێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەفر و باران تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەی جیا بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ