شارەزایانی کەشناسی بۆ رووداو: پێشبینی دەکەین سبەی بەفر بگاتە سەنتەری سلێمانی و دهۆک

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران تاوەکو رادەیەک لاواز دەبێت. بەڵام لە سبەی دوای نیوەڕۆوە بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش.
 
رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان باران باریوە و لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن، کۆڕەک، سەفین، پیرمام، چۆمان و گۆیژە بەفرێکی زۆر باریوە.
 
ئەمشەو کەشوهەوا چۆن دەبێت؟
 
بەگوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "ئەم قۆناخی یەکەمەی بەفر و بارانە تاوەکو کاتژمێر 11ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و کەشوهەوا تاوەکو سبەی نیوەڕۆ ئاسایی دەبێتەوە."
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمشەو تاوەکو سبەی بەیانی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی سبەی کاریگەرییەکان بە چڕی دەستپێدەکەنەوە. پێشبینی دەکەین بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان و خێرایی باش کەم ببێتەوە، بەڵام سەرماکە توندتر دەبێت."
 
محەممەد کەمال ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە، قۆناخی دووەمی شەپۆلەکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. پێشبینی دەکرێت بەفر ئەم ناوچانە سپی پۆش بکات:"دهۆک، سلێمانی، رواندز، سۆران، پیرمام، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، قەڵادزێ، پێنجوێن، شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداخ، پیرەمەگروون، بناری بەمۆ، بارزان، شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، سیدەکان، بازیان، بانی مەقان، سەنگاو، بیارە، تەوێڵە، شەقڵاوە، دۆڵی خۆشناوەتی، بالیسان، هیران و نازەنین". لەگەڵ تەواوی گوند و شاخەکانی دەوروبەریان.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەنتەری هەولێر و هەڵەبجە بەفر و باران بە تێکەڵ (تەرزە) دەبارێت، لە گەرمیان و کەرکووکیش بارانی مامناوەندی زستانە دەبارێت و شەپۆلەکە تا بەرەبەیانی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
 
هۆشداری لە شەختە و بەستن
 
هەردوو کەشناس هۆشداری دەدەن کە پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکان لە کاتی رۆژدا نزیک دەبنەوە لە سفر و لە شەودا دەچنە ژێر سفری سیلیزی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستنێکی زۆر. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سبەی هۆشیار بن و سەردانی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان نەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گریانی ژنێک لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان

تۆمەتبارێکی شەهیدکردنی 15 بارزانی بە لەسێدارەدان سزا درا

دادوەر ئاسۆ محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، دادگەی باڵای تاوانەکان بە گوێرەی ماددەکانه 12 و 15ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکردووە.