رووداو دیجیتاڵ
ئەو خوازیارانەی فۆرمی ئۆنڵاینی پڕۆژەی سکۆڵەرشیپی "باڵدار"ی تۆڕی میدیایی رووداویان پڕکردووەتەوە، بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، پێویستە سەردانی زانکۆی کوردستان لە هەولێر بکەن.
زانکۆی کوردستان دەڵێت، "پێویستە ئەو کەسانەی فۆرمی ئۆنڵاینی سکۆڵەرشیپی باڵداریان پڕکردووەتەوە، بە مەبەستی جێگیرکردنی داواکارییەکانیان بە نووسراو و واژۆکردن لەسەر بەڵگەنامه پێویستەکان، سەردانی بارەگای زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر بکەن."
بەڵگەنامە داواکراوەکان:
بۆ ئەوەی داواکارییەکەیان بە فەرمی وەربگیرێت، پێویستە خوازیاران لە کاتی سەردانیکردندا ئەم بەڵگەنامانەیان پێبێت:
1. پاسپۆرت (ئەسڵی و کۆپی)
2. کارتی زانیاری (ئەسڵی و کۆپی)
3. پەڕگەی نمرەکانی زانکۆ (کۆپی)
4. ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی کە دەبێت IELTS, PTE, TOEFL بێت. (کۆپی)
5. سیڤی و نامەی ئامانج (Motivation Letter).
6. نامەی پشتگیری (Recommendation Letter).
دوایین وادە و مەرجەکان:
لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت "داواکار خۆی ئامادە بێت". دوایین وادە بۆ پێشکێشکردنی بەڵگەنامەکان رۆژی پێنجشەممە، رێککەوتی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 دیاری کرابوو، بەڵام هەل درا بەوانەی کە ناتوانن لەو وادەیەدا ناوی خۆیان تۆماربکەن، بۆیە وادەکە تاوەکو 5ـی مانگی داهاتوو درێژکرایەوە. هەر داواکارێک لە دوای ئەو رێککەوتەوە سەردانی زانکۆ بکات، مافی وەرگرتنی سکۆڵەرشیپەکەی لەدەست دەدات.
سکۆڵەرشیپی "باڵدار" دەستکەوتی بەرنامەی "پاشیڤ"ی تۆڕی میدیایی رووداوە کە لە مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوو پێشکێشکرا. لەو بەرنامەیەدا بە دەستپێشخەریی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و بەشداریی 30 سەرمایەدار و کەسایەتیی هەرێمی کوردستان، بڕی زیاتر لە 3.4 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی 114 کورسیی خوێندنی ماستەر لە دەرەوەی وڵات کۆکرایەوە.
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، کە یەکێک بوو لە پاڵپشتیکارە سەرەکییەکان، خەرجیی 40 کورسیی ماستەری گرتە ئەستۆ، هاوکات سەرمایەدارانی وەک سەردار بیبانی (10 کورسی)، مەلا یاسین (6 کورسی)، دکتۆر نەوزاد باجگر (5 کورسی) و کەمال ئاغا گەردی (4 کورسی) پشکی شێریان لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا هەبوو، کە بە سپۆنسەری "ڤیژن ئیجیوکەیشن" بەڕێوەدەچێت.
ناونیشان و پەیوەندی:
خوازیاران دەتوانن لە رۆژانی هەفتە، لە کاژێر 9:00ی بەیانی تا 3:00ی پاشنیوەڕۆ سەردانی زانکۆی کوردستان بکەن لەم ناونیشانە: هەولێر - شەقامی 30 مەتری - بەرامبەر باخچەی گلکەند - تەنیشت مزگەوتی سەواف.
بۆ زانیاریی زیاتر، داواکاران دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 07716251010 بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ