رووداو دیجیتاڵ
بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی. مانەوەی ئەو لە پۆستی پارێزگار، هیوایەک بۆ بەربژێرێکی یەکێتی دەگەڕێنێتەوە، کە بچێتە پەرلەمانی عێراق.
رۆژی سێشەممە، 27-01-2026، بەدر مەحموود فەحل، فەرمانێکی کارگێڕیی دەرکرد کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا بڕیاریداوە "بەدر مەحموود فەحل وەک پارێزگاری سەلاحەدین دەستبەکاربێتەوە."
لە نووسراوەکەدا هۆکاری گەڕانەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "سوێندی دەستووری نەخواردووە و هیچ وادەیەکیش بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری نەکراوە"، بۆیە بڕیاری داوە ناوەڕۆکی نووسراوی رۆژی پێشتر (26-01-2026) هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەدر فەحل لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندبوو، لەسەر داوای ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی حیزبی جەماوەری نیشتمانی، دەچێتە پەرلەمان و کۆتایی بە ئەرکەکەی وەکو پارێزگار دەهێنێت.
هاشم عەزاوی، جێگری یەکەمی پارێزگار بە وەکالەت راسپێردرابوو، تاوەکو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەمان نەکرا، سوێندی دەستووری نەخوارد و گەڕایەوە سەر کارەکەی.
یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەدر فەحل دەوامی ئاسایی خۆی دەکات.
یاسین داودی گوتی: "بەدر فەحل حەزدەکات لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، بەڵام ئەبو مازن زۆر گوشاری لێدەکات پۆستەکەی بەجێبهێڵێت و بچێتە پەرلەمان، چونکە دەیەوێت خۆی ببێتە پارێزگاری سەلاحەدین."
چۆن کورسییەکە بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە؟
لە هەڵبژاردنی 11-11-2025، کەریم شوکر، بەربژێری یەکێتی لەسەر لیستی "جەماوەری نیشتمانی" 14 هەزار و 843 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەهۆی سیستمی "کۆتای ژنان"ـەوە کورسییەکەی بۆ فاتیمە قەیسی ڕۆیشت.
هاوکات بەدر مەحموود فەحل 16 هەزار و 976 دەنگی هێناوە؛ ئەگەر ئەو لە پۆستی پارێزگار بمێنێتەوە و رەتیکاتەوە بچێتە پەرلەمان، بە گوێرەی یاسا دەبێت کەریم شوکر وەک جێگرەوە و خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەکە بچێتە پەرلەمان.
نوێنەرەکەی یەکێتی جەختی لەوەکردەوە: "وەک یەکێتی بە هەموو توانایەکەوە هەوڵدەدەین بەدر فەحل لە پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین بمێنێتەوە."
سەبارەت بەم بابەتە، تارا جەلال داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەک پارتی لەگەڵ زۆرینەین؛ کێ زۆرینە بێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین پشتیوانی لێدەکەین و بەڵێنمان بە هیچ لایەنێکیش نەداوە." تارا جەلال داودی گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا لە خوورماتوو پرسە نەتەوایەتییەکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە لەبەرچاو دەگرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ