هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

29-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن جارێکی دیکە کۆببنەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دەیانەوێت لەسەر "جیاوازییەکانیان" رێکبکەون.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی ئاداری 2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی حیزبەکەی لەگەڵ پارتیدا بەشداربێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە".
 
زیاد جەبار دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی لەسەر پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ  دەکەن. دەشڵێت، "لەسەر جیاوازییەکانمان گفتوگۆ دەکەین بۆ رێککەوتن".
 
پارتی و یەکێتی بە تەنیا و پێکەوەش لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا بۆ پرسی هەڵبژاردن چەند جارێکی دیکە کۆبوونەوەتەوە و لەسەر چەند پرسێک رێککەوتوون، لەوانە هەڵبژاردن بە چوار بازنە بکرێت، پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان؛ سەرەکیترین ناکۆکی کە بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا مابێتەوە لەسەر پرسی هەڵبژاردن پێکهاتەکان و شێوازی دەنگدانیانە بۆ 11 کورسییەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان.
 
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئامادەن بۆ کوبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. گوتیشی: "بۆ پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکە ئێمە کێشەمان نییە و هەر رۆژێک دیاری بکرێت ئامادەین".
 
رۆژی 08-03-2023، بۆ جاری دووەم بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. سێ رۆژ دواتر و لە 11ـی ئادار، لەگەڵ هەشت لایەنی سیاسیی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵ و بڕگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردن رێککەوتن.
 
رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن خستەڕوو و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە