رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک بۆردوومان دەکرێ. تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی ورد بۆ ئامارەکان دەکات و دەری دەخات، هەرێمی کوردستان بە 496 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، 102 کەس بوونەتە قوربانی، لەنێویاندا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون کە زیاتر لە 380 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە زیاتر لە 90 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە 15 درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندراوە.
ئەگەرچی کۆتایی هەفتەی رابردوو ژمارەی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان کەمبوونەوە، بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا هێرشەکان زۆر بوون، بە جۆرێک لەو ماوەیەدا بە 36 درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستان هێرشی کرایەسەر.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، جگە لە زیانی مادی، لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم سێ کەس لە سنووری هەولێر برینداربوون کە دوو قوتابی و پۆلیسێک بوون.
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان کراون:
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کاژێر 10:00ـی بەیانی دوێنێ شەممە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاری هەولێر و سنووری پارێزگاکە بە27 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
هەروەها دهۆک بە 8 درۆن هێرشی کراوەتە سەر و لە سلێمانیش یەک درۆن تەقییەوە. هیچ هێرشێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمارنەکراوە.
پارێزگای هەولێر
- کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 29ی ئادار، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە درۆنێک هێرش کرایەسەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- کاژێر 02:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێک لە سنووری قوشتەپە لە هەولێر خرایە خوارەوە.
- نزیک کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگێکی بەهێز لە سنووری هەولێر بیسترا؛ روون نییە درۆن بووە یان مووشەک.
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی درۆنی بۆسەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور کرا.
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک چیای کۆڕەک لە پارێزگای هەولێر.
- لە کاژێر 12:45 خولەکی بەرەبەیانی یەکشەممە، درۆنێک لە نزیک گوندی ئۆمەراوەی باڵەکایەتی لەسەر رێگەی هامڵتن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
- کاژێر 12:44ـی بەرەبەیانی شەممە، چوار درۆنی بەدوای یەکدا لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە سنووری تۆبزاوەی هەولێر.
- رۆژی شەممە، کاژێر 12:30 خولەک دوو درۆن لە سنووری قوشتەپە لە هەولێر تەقێندرانەوە.
- کاژێر 12:20ـی بەرەبەیانی شەممە لە یەک کاتدا دوو درۆن لە ئاسمانی شاری هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 12:10 خولەکی بەرەبەیانی شەممە، دەنگی 4 تەقینەوە لە سنووری قەزای کۆیە بیستران.
- نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێڕ.
- نزیک کاژێر 06:30ـی ئێوارەی شەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
- کاژێر 10:30ـی بەیانی شەممە، درۆنێک لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە لە هەولێر تێکشکێندرا.
پارێزگای دهۆک
- نزیک کاژێر 00:40ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێک لە ئاسمانی دهۆک تەقێندرایەوە.
- لەنێوان کاژێرەکانی 11 بۆ 12ـی شەوی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دهۆک.
- کاژێر 15:00ـی دوێنێ 28ـی ئادار، هێرشێکی دیکەی درۆنی بۆسەر دهۆک کرا.
- نزیک کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی شەممە، بە درۆنێکی دیکە هێرش کرایە سەر دهۆک.
- پاش نیو کاژێر، هێرشێکی دیکە بۆسەر دهۆک بە درۆنێک کرا.
- نزیک کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی شەممە، بە درۆن هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک.
- نزیک کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی شەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک و ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. هێرشەکە کاردانەوەی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆیی لێکەوتەوە.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگی دوو درۆن لە ئاسمانی سلێمانی بیسترا، دواتر دەنگی تەقینەوەی یەکێکیان هات، دیارنییە خراوەتە خوارەوە یان خۆی کەوتووەتە خوارەوە.
لە 24 کاژێری رابردوودا هیچ بۆردوومانێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار نەکراوە.
کۆی ئامارەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بە 496 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 385 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 94 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها 15 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن کە شەوی رابردوو بریندار بوو.
هەر لەنێو بریندارەکان 15 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون، شەوی رابردووش دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ