قەتەر سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچێرڤان بارزانی دەکات: هۆکار و پاڵنەرەکەی هەرچی بێ لە دژین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچێرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، "دژی تووندوتیژی و تیرۆر و کارە تاوانکارییەکانە، هۆکار و پاڵنەرەکانی هەرچییەک بن."
 
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 29-03-2026 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە، "دەوڵەتی قەتەر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پارێزگای دهۆک."
 
هەروەها وەزارەتەکە دووپاتی هەڵوێستی نەگۆڕی دەوڵەتی قەتەر دەکاتەوە کە "دژی تووندوتیژی و تیرۆر و کارە تاوانکارییەکانە، هۆکار و پاڵنەرەکانی هەرچییەک بن."
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەخت لە رەتکردنەوەی بێ ئەندازەی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ هەموو ئەو کردارانەی دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری "لە کۆماری عێراقی برایاندا."
 
کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی
 
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
 
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد. هەروەها ئەمریکا، ئێران و تورکیایش لەسەر ئاستی باڵا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. هەریەکە لە کۆنسووڵخانەکانی بەریتانیا و رووسیاش لە هەولێر هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد.
 
هەروەها محەممەد بن زاید، سەرکی ئیماراتیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-03-2026 لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە