رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری داشکاندنی 20٪ی قەرزی کارەبا، بڕی زیاتر لە هەشت ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ هاوبەشان (ماڵان) گەڕێندراوەتەوە. باسی لەوەشکرد، ئێستا 70٪ی هاووڵاتییان کارەبای 24 کاژێرییان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆسەی گەڕانەوەی پارە بۆ هاوبەشانی کارەبا لە چوارچێوەی ئەو دەسپێشخەرییە بوو کە مانگی رابردوو بۆ داشکاندنی 20٪ بۆ هەر کەسێک بوو کە لە رێگەی "سەکۆی پەرەپێدانی دیجیتاڵی ئی-پسوولە" پارەی داوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە ئامارەکان بەم شێوەیەن:
کۆی گشتیی پارەی گەڕاوە: 8.73 ملیار دینار.
ژمارەی ئەو ماڵانەی سوودمەند بوون: 218,095 هاوبەش.
تێکڕای بڕی پارەی گەڕاوە بۆ هەر ماڵێک: 40 هەزار دینار.
ئەو ماڵانەی سوودمەند نەبوون (بەهۆی سفر بوونی پسوولەکان): 15,507 هاوبەش.
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە ئەو هاوبەشانەی کە لە دوو مانگی رابردوودا سوودمەند نەبوون، کە داشکاندنەکە لە پسوولەکانی مانگی داهاتوویاندا جێبەجێ دەکرێت و حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکە.
پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێری
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە زیاتر لە 70٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی "پڕۆژەی رووناکی"یەوە کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە.
بەپێی نرخە نوێیەکان، 80٪ی هاووڵاتییان (بە تایبەت چینە کەمدرامەتەکان) بڕی ئەو پارەیەی بۆ کارەبا دەیدەن، کەمترە لەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ