سەرۆکی هوداپار بە تەلەفۆن هیوای سەلامەتیی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواست

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە دهۆک کرد و هیوای سەلامەتیی بۆ خواست.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (29-3-2026)، هوداپار لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکەیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هوداپار، مەبەست لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەربڕینی هاوپشتی بووە دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک. زەکەریا یاپجیئۆغڵو "هیوای سەلامەتیی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان خواستووە و بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی هوداپار پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و پارتەکەی بەبۆنەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی کوردستان لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا گەیاندووەتە نێچیرڤان بارزانی.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا لە پەیوەندییەکەدا "هیوایان خواستووە هەرچی زووە جەنگ کۆتایی بێت و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە."
 
رۆژی شەممە (28-3-2026)، سێ هێرشی درۆنی کرانە سەر شاری دهۆک؛ یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ـی بەیانی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە شارەکە کردە ئامانج.

 

هوداپار کێیە؟
 
پارتی دۆزی ئازاد کە بە (هوداپار) ناسراوە، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە لە باکووری کوردستان و تورکیا، کە لە 19-11-2012 دامەزراوە.
 
هوداپار لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا خاوەنی چوار کورسییە. پارتەکە تاوەکو ئێستا بەشداری لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی فەرمیی هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا لە ساڵی 2018دا، هوداپار 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنا (0.31%ی دەنگەکان). بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی 14-5-2023، پارتەکە لەژێر چەتری "هاوپەیمانیی جمهوور" بە سەرۆکایەتیی ئاکپارتی بەشداری کرد و توانی چوار کورسی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلح و دیلۆک بەدەستبهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئێران دەیەوێ هێرش بکاتە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی تووندی ئەمنی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی دەیانەوێت زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج. باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.